ئاگربەستی غەززە واژۆ کرا

ئاگربەستی غەززە لەلایەن هەر یەکە لە ئەمەریکا، قەتەر، تورکیا میسر، لە شرم شێخ واژۆ کرا.

دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لووتکەی شرم شێخ تایبەت بە ئاگربەستی غەززە، لە کاتی واژۆ کردنی ئاگربەستەکە گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەی دەیان وڵاتان لێرە ئامادەن بۆ ئەوەی باس لە پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، هەروەها لە کۆتاییدا دوای زیاتر لە سێ هەزار ساڵ، شەڕی غەززە کۆتایی هات؛ ئاماژەشی دا، ئاگربەستی غەززە زۆر گشتگیرە و باس لە هەموو یاسایەک دەکات.

گوتیشی: هەندێک کەس باسیان لەوە دەکرد، جەنگیی سێیەمی جیهانیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بەڵام دوای ئەو ئاگربەستە ئیتر ئەو جەنگە ڕوونادات، ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانە پشتگیری ئەو ئاگربەستە دەکەن خاوەن سەرمایەکی زۆرن، بۆیە ئەمەش پشتگیرییەکی باش دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئاگربەستە.

دۆناڵد ترەمپ، لە دوای واژۆ کردنی ئاگربەستەکە گوتی: ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە هەموویان چاوەڕێیان دەکرد و نزایان بۆ ڕۆژێکی ئاوا دەکرد، هەروەها هاووڵاتییان و بارمتەکان و زیندانییەکان هەموویان دەگەڕێنەوە نێو کەس و کاری خۆیان.

باسیشی لەوە کرد، هەنگاوی داهاتوو بنیاتنانەوەی غەززەیە، کە بەراورد بە ڕاگرتنی ئەو شەڕە زۆر ئاسانە، بەڵام بۆ بنیات نانەوەی ملیاران دۆلاریان بۆ وەبەرهێنان پێویستە.

لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە عێراق کرد و گوتی: ئەوان نەوتێکی زۆریان هەیە، بەڵام نازانن چۆن بەکاری بهێنن

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە دوای واژۆ کردنی ئاگربەستەکە گوتی: ئەمە خاڵێکی وەچەرخانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و غەززە، کە دەبێتە دەرفەتێک بۆ سەقامگیر و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەمەش سوپاسی وڵاتانی ئەمەریکا، تورکیا و قەتەر دەکەین. دەشڵێت: ڕاگەیاندی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل تاکە ڕێگەی چارەسەرە، هاوکات لەگەڵ واشنتن بۆ بنیاتنانەوە غەززە کار لەسەر پلانێک دەکەین.

هیواشی خواست ئەمە ببێتە کۆتا شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چیتر ئەو ناوچە دووچاری شەڕ و ناکۆکی دیکە نەبێتەوە.

سیسی گوتی: بەهۆی هەوڵەکانی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ملوانکەی نیلی مەزن وەک بە بەهاترین خەڵات دەدەینە ترەمپ، لە وەڵامدا سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: ئەمە شەرەفێکی مەزنە. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، لووتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی زیاتر لە 20 وڵات لە نێوانیاندا فەرەنسا، تورکیا، ئوردن، ئیتاڵیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، عێراق، پاکستن و میری قەتەر لەبارەی ئاگربەستی غەززە بەریوە چوو.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment