ترەمپ: ئەردۆغان دەتوانێت لە ڕاگرتنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا یارمەتیدەر بێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، پێیوایە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، دەتوانێت ڕۆڵێکی یارمەتیدەر لە کۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بگێڕێت.

لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کاتی گەڕانەوەی لە شەرم شێخ، ترەمپ گوتی: "ئەردۆغان کەسێکە کە ڕووسیا ڕێزی لێدەگرێت."

هاوکات، سەرۆکی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە ڕۆژی هەینی داهاتوو لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەکات. ئەمەش دوای ئەوەی کە زێلێنسکی خۆی ڕۆژی دووشەممە لە کیێڤ ڕایگەیاندبوو: "لەم هەفتەیەدا لە واشنتن لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کۆدەبمەوە."

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش کرد، دەیەوێت "کۆمەڵێک ڕێوشوێن" پێشنیازی سەرۆکی ئەمەریکا بکات و ئاشکرای کرد، لەگەڵ نوێنەرانی "کۆمپانیا سەربازییەکان" و ئەندامانی کۆنگرێسیش کۆدەبێتەوە. گوتیشی: "پرسی سەرەکی 'بەرگریی ئاسمانی' دەبێت، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی وزە."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا ڕووبەڕووی هێرشی نوێ بووەتەوە، کە مەترسیی ئەوەی دروستکردووە زۆرێک لە هاووڵاتییان لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستاندا، لە کارەبا و گەرمی بێبەش بن.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکی ئۆکرانیا دوو پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ترەمپدا ئەنجامداوە و تێیدا بە وردی باسیان لە تواناکانی ئۆکرانیا بۆ هێرشی دوورمەودا کردووە. دوابەدوای ئەمە، ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەنگە هۆشداری بداتە ڤلادیمێر پوتن ئەگەر مۆسکۆ کۆتایی بە جەنگەکە نەهێنێت، مووشەکی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا دەدەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment