ئێران وەڵامێکی توندی ئەمەریکا دەداتەوە

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامێکی توندی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەداتەوە و بە پشتیوانیکاری "تیرۆر" ناوی دەبات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەم 2025، لە وەڵامی قسەکانی ترەمپ دەربارەی ئێران لە شەرم شێخ ئاماژەی داوە "ئەمەریکا کە وەک گەورەترین دروستکەری تیرۆر و پشتیوانی ڕژێمی تاوانباری ئیسرائیل، هیچ مافێکی تۆمەتبارکردنی وڵاتانی نییە."
وەزارەتەکە، ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا بە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل و پێدانی لەڕادەبەدەری چەک بەو ڕژێمە، وایکردووە ئەمەریکا ببێتە گەورەترین هۆکاری ناسەقامگیری و تێکدەری ئاسایشی ناوچەکە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە ڕۆڵی وڵاتەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش کردووە و قاسم سولەیمانی بە نموونە هێناوەتەوە، هاوکات ئەمەریکاشی بە دروستکاری داعش تۆمەتبار کردووە.
هەروەها هەڵوێستی ئەمەریکای لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بە بانگەشەیەکی بێنبەما ناوبردووە و ئاماژەی داوە، هەرگیز بەم قسانە ناتوانن تاوانە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە پەلاماردانی خاکی ئێران و کوشتنی ڕۆڵەکانی ئێران، بشارنەوە؛ بە پێچەوانەوە بەرپرسیارەتی ئەمەریکا بۆ ئەو هەموو تاوانە قورستر دەکات و ڕق و کینەی قووڵی سیاسەتداڕێژەرانی ئەمەریکا بەرانبەر گەلی ئێران دەردەخات.
هەروا ڕەخنەی لە هەوڵ و ڕۆڵی ترەمپ گرتووە و ڕایگەیاندووە، ئارەزووی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاشتی و گفتۆگۆ، پێچەوانەی ڕەفتارەکانییەتی بەرانبەر گەلی ئێران، بۆ ئەمەش ئاماژەی داوە "چۆن دەکرێت لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانی سیاسیدا هێرش بکرێتە سەر شوێنی دانیشتووان و دامەزراوەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانەی وڵاتێک و زیاتر لە هەزار کەس، لەوانەش ئافرەت منداڵی بێتاوان بکوژرێن و پاشان بانگەشەی دۆستایەتی ئاشتیی بکرێت"
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت"ئیرانییەکان بە پشتبەستن بە کولتوور و مێژووی دەوڵەمەندی خۆیان، خاوەن لۆجیک، گفتوگۆ و هەڵسوکەوتن، لە هەمانکاتدا بۆ پاراستنی شکۆمەندی و بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران، بە ئازایەتیی و بێدوودڵی، بەرگریی لە سەربەخۆیی دەکەین."