جووتیارانی دەشتی ناوکوڕ دروێنەی مەرەزە دەکەن
بەهۆی وشکەساڵییەوە، ئەگەرچی ئەمساڵ بەرهەمی برنج وەک ساڵانی ڕابردوو بە بڕشت نەبووە، بەڵام ئەو جووتیارانەی دەشتی ناوکوڕ لە سنووری ئاکرێ کە ساڵانە کاری مەرەزە دەکەن، بە کوردستان24ـیان ڕاگەیاندووە، لە جۆری بەرهەمەکەیان ڕازین و دوو هەفتەیە دەستیان بە دروێنە کردووە.
سەباح محەممەد، جووتیارێکی دەشتی ناوکوڕە دەڵێت: "جۆری برنجەکەمان زۆر باشە و هیوادارین ئەمساڵیش وەکوو هەموو ساڵێک برنجەکەمان لە بازاڕ، بە نرخێکی بەرز ساغی بکەینەوە".
هەر لە سنووری دەشتی ناوکوڕ، جووتیارێکی دیکە بە ناوی محەممەد ڕەشید، گوتی: " دەستمان بە دروێنەی برنج کردووە و چەندین جۆری جیاجیای برنجمان هەیە و بەرهەمی ئەمساڵمان بە شێوەیەکی گشتی زۆر باش و سەرکەوتووە".
لە دەشتی ناوکوڕ بە هەرسێ شارۆچکەی ئاکرێ و بەردەڕەش و شێخانەوە بۆ ئەمساڵ 17 هەزار دۆنم زەوی بە برنج داچێندرابوو، چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمەکەیان بگاتە سەرووی 20 هەزار تۆن.
جووتیارەکان پەلەیانە لە دروێنەی مەرەزەی ئەمساڵ و دەیانەوێت بەر لە بارانی پاییز، بەرهەمی تازە بە تازە بخەنە بازاڕ.
سادق عەبدوڵڵا، جووتیارێکی دیکەی دەشتی ناوکوڕ دەڵێت: "نرخی هەر کیلۆیەک برنجی ئاکرێ، لە سێ هەزار دینارەوە تا حەوت هەزار دینارە، بەهۆی زۆری خواستەوە ڕەنگە برنج ڕەوانەی بازاڕی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بکەین".
لە دەشتی ناوکوڕ ساڵانە پێنج جۆر برنج بەرهەمدێت، لەنێوانیاندا بەرهەمەکانی "شەش مانگە، تەحالوف، کەس نەدیتی، بۆندار و میسری" هەن، بەڵام خواست لەسەر برنجی شەش مانگە لە هەمووان زیاترە. جیا لە بەرهەمی برنج، دەشتی ناوکوڕ توانایەکی گەورەی لە بەرهەمهێنانی پەتاتە هەیە و بەرهەمی ساڵانەی دەگاتە سەرووی 400 هەزار تۆن، هەروەها لە پیازیش توانیویەتی بەرهەمێکی بەبڕشتی هەبێت.