ناتانیاهۆ: ئەگەر حەماس پابەند بە ڕێککەوتن نەبێت دەرگای دۆزەخی بە ڕوودا دەکەینەوە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەگەر حەماس پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، دەرگای دۆزەخی بەڕوودا دەکرێتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوز، ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، "ڕازی بووم دەرفەتێک بە ئاشتی بدەم" بەپێی پلانی ئاشتی 20 خاڵی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە پێشکەشکرا.
ناتانیاهۆ پێیوابوو "ئازادکردنی بارمتەکان و دڵنیابوون لە چەکداماڵینی حەماس و کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتی چەک بۆ ناو غەززە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی زۆر گرنگن".
هەروەها ناتانیاهۆ هۆشدارییەکەی ترەمپی دووپاتکردەوە کە ئەگەر حەماس پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەکەوە، "دۆخەکە بە تەواوی دەتەقێتەوە".
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی فەڵەستین (وافا) ڕایگەیاندووە، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023وە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 67 هەزار و 252 کەس، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هاوکات 169 هەزار و 961 کەسی دیکەش بریندار بوون. هێشتا ژمارەیەکی زۆر قوربانی لەژێر داروپەردووەکانیش دا ماونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شەرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتی غەززە بەڕێوەچوو، دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لووتکەکەدا لە کاتی واژۆ کردنی ئاگربەستەکە گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەی چەندان وڵات لێرە ئامادەن بۆ ئەوەی باس لە پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، هەروەها لە کۆتاییدا دوای زیاتر لە سێ هەزار ساڵ، شەڕی غەززە کۆتایی هات؛ ئاماژەشی دا، ئاگربەستی غەززە زۆر گشتگیرە و باس لە هەموو یاسایەک دەکات.