گڕکانێک لە دوورگەی فلۆریسی ئیندۆنیزیا دووبارە کارا دەبێتەوە

حکوومەتی ئندۆنیزیا هۆشداریی توندی دەرکرد بەهۆی دووبارە کارا بوونەوەی گرکانی لیوتووبی لاکی لاکی کە دەکەوێتە دوورگەی فلۆریسی ڕۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی ئۆکتۆبەری 2025، ئاژانسی نیشتیمانی گڕکانناسی ڕایگەیاند، کاتژمێر 1:35 گڕکانی لیوتووبی لاکی لاکی بە بەرزی 1584مەتر بەهێزترین تەقینەوەی خۆی تۆمارکردووە و ماددە گڕکانییەکانی تا  10 کیلۆمەتر بەرزبووەتەوە.

ئەم بەرزبوونەوەیەش لە دوای ڕاگەیەندراوەکەی دوێنێی ئاژانسی جیۆلۆجیای ئینۆنیزیا دێت کە ئاماژەی دابوو، ئاستی مەترسیی گڕکانەکە گەیشتبووە ئاستی چوارەم کە بە بەرزترین ئاستی مەترسیی دادەندرێت.

محەممەد وافید، بەڕێوەبەری ئاژانسی جیۆلۆجیای ئیندۆنیزیا، ئامۆژگاری دانیشتووان و گەشتیارانی کرد کە لانیکەم شەش کیلۆمەتر لە شوێنی گڕکانەکە دوور بکەونەوە و ئاگاداری لێشاوی قوڕ یان پاشماوەی گڕکانەکان بن.

محەممەد وافید، هۆشداری لە ئەگەری ڕاوەستانی گەشتە ئاسمانییەکانیش دا بەهۆی پەرتبوونی خۆڵەمێشەوە کە ڕێڕەوی فڕین ناڕوون دەکات.

هەروەها گەشتەکانی فڕۆکەخانەی ماومێری کە تایبەتە بە گەشتە نێوخۆکان و دەکەوێتە دووری 60 کیلۆمەتر لە گڕکانەکە، هەموو گەشتەکانی خۆی ڕاگرت.

ئەم گڕکانە لە مانگی تەمموز تەقینەوەیەکی بەخۆوە بینی و  بە بەرزی 18 کیلۆمەتر خۆڵەمێشێ لێ بەرزبوویەوە و بووە هۆی ڕاگرتنی نزیکەی 20 گەشتی ئاسمانی فڕۆکەخانەی دوورگەی بالی کە کەوتووەتە دووری 800 کیلۆمەتر لە گڕکانەکەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment