نووسینگەی بانکی ڕافیدەین لە بەرێوەبەرایەتی حەشدی شەعبی داخرا

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانکی ڕافیدەین، نووسینگەکەی لە بەرێوەبەرایەتی حەشدی شەعبی داخست و بڕیاریدا بیگوازێتەوە بۆ لقێکی دیکە لە بەغدا.
سەرچاوەیەکی ئاگەدار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاندووە، "دوای ڕەزامەندی بانکی ناوەندی-بەشی چاودێری، بانکی ڕافیدەین لە ئەمڕۆوە نوسینگەی خۆی لە بەرێوەبەرایەتی حەشدی شەعبی داخست و حیسابە داراییەکانی گواستەوە بۆ لقی ناوچەی حەوت کۆشک لە بەغدا."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا، پرۆسەی داخستنی نووسینگەی بانکی ڕافیدەین لەو بەڕێوەبەرایەتییە، دوای چەند ڕۆژێک لە سەپاندنی سزای وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ سەر چەند قەوارە و کەسایەتییەکی عێراق دێت، کە یەکێک لەوانە کۆمپانیای 'موهەندیس' بووە.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە، داخستنی لقی بانکی ڕافیدەین لە یەمەن و کۆتایی هێنان بە چالاکییە دارایی و بانکییەکانی بە هۆی گرووپی حوسییەکانەوە بووە.
بانکە عێراقییەکان نووسینگە و لقیان لە وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەتدا هەیە و کاردەکەن بۆ ئەوەی کاروباری دارایی خۆیان بە خێرایی و بە ئاسانی ڕێکبخەن.
ڕۆژی پێنجشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر کۆمپانیای 'موهەندیس'ـی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و ژمارەیەک بانک و بازرگاناندا سەپاند، کە تێوەگلاون لە سپیکردنەوەی پارە، قاچاخی دراو و داراییکردنی چالاکییەکانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.