خەمیس خەنجەر: لە بەرانبەر خوێنی سەفا مەشهەدانی بێ دەنگ نابین

سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لەبارەی کوژرانی کاندیدێکیان ڕایگەیاند، لە بەرانبەر خوێنی مەشهەدانی بێ دەنگ نابین، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ چەسپاندنی دادپەروەری.
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، لە بارەی کوژرانی یەکێک لە کاندیدانی لیستەکەی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: بە دڵێکی خەمبار و پڕ لە ئازار و توڕەیی، بە هاووڵاتیان ڕادەگەیەنین، برای خۆشەویستمان سەفا مەشهەدانی یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی سیادە و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، بە دەستیێکی ڕەش تیرۆر کرا.
خەمیس خەنجەر گوتیشی: ئەم ڕووداوە نوێیەش لە لیستی ئەو ڕووداوانەیە کە پێشووتر بەرانبەر بە دەنگە جیاوازەکانی نیشتمانەکەمان لە سەر دەستی تیرۆریستان ئەنجامدراوە.
سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان لە بەرانبەر خوێنی مەشهەدانی بێ دەنگ نابن، بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و داماڵینی چەکی بێ مۆڵەت لە دەستی کەسانی ڕێگەپێنەدراو، پێویستە حکوومەتیش تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بکاتەوە، دەبێت یاسا سەروەر بێت.
لە کۆتاییشدا سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی خوا لێیخۆشبێت دەکەین، هیوادارین جێگای بەهەشت بێت.
لای خۆیەوە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان ئیدانەی کوشتنی کاندیدەکەی کرد و بە "هێرشی تیرۆریستیی ترسنۆکانە" ناوی برد.
مەحموود مەشهەدانی داوای لە حکوومەت و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان کرد بەدواداچوون بۆ تیرۆرکردنی کاندیدەکە بکەن و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکەن.
هاوپەیمانی سیادە یەکێکە لەو پارتە سەرەکیانەی سوننە کە بەشدارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەم پارتە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین کردەی تیرۆرکردن و ڕفاندنی چالاکوانانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران ڕوویداوە، کە هەندێکیان نەیاری گرووپە چەکدارەکانی شیعە بوون..
سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەفا مەشهەدانی کاندیدی لیستی هاوپەیمانی سیادە، کە هاوکات ئەندامی ئەنجوموەنی پارێزگای بەغداشە، لە کاتی بانگەشە لە گەڕەکی تارمییەی شاری بەغدا، بە هۆی بۆمبی لکێنراو بە ئۆتۆمبیلەکەیەوە کوژرا.