سەرۆک وەزیران: وەبەرهێنان لە هزر و بیری گەنجەکانمان دەکەین چونکە گەورەترین سەرمایەی وڵاتەکەمانە

"دەمانەوێ کوردستان ببێتە ئەو شوێنەی گەنجەکانمان بتوانن بیرۆکەکانی خۆیان بکەن بە پرۆژە"

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پارکی زانست Science Parkـی سەر بە ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی KII لە هەولێر دانا.

سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پارکی گەورەی زانست گوتی: خۆشحاڵم ئەمڕۆش لەگەڵتانم بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گرنگ، کە بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویست لە هەرێمی کوردستاندا.
مەسرور بارزانی گوتیشی: سێ ساڵ لەمەوبەر کاتێک ئینستتیوتی داهێنان و نوێگەری کوردستان KIIمان وەک دامەزراوەیەکی تایبەت بۆ نوێگەریی و داهێنان ڕاگەیاند، بەڵێنمان دا کە پارکێکی تایبەت بە زانست دروست بکەین، کە بەشێک بێت بۆ ئەم ئینستتیوتیە بۆ ئەوەی ئاسانکاریی بۆ داهێنەران بکەین و تاقیگە و کارگەی جۆراوجۆریان بخەینە بەردەست، تا بتوانن بیرۆکە و توێژینەوەکانیان بەشێوەیەکی کرداری لە بوارە جیاوازەکان تاقیبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ خۆشبەختانە بەردی بناغەی ئەو پارکە دادەنێین، بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدات بۆ گەشەپێدانی ئابووری بۆ وڵاتەکەمان، هەروەها هەلی کار بۆ گەنجمان لە هەموو کەرتەکان بۆ برەخسینێت، ئێمە گەنجی بەهرەمەندمان زۆرە، چ لە کوردستان بن یان لەدەرەوە، بەڵام ڕەنگە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی گونجاو و شوێنی تایبەتمەند، نەتوانراوە سوود لە توانا و بەهرەکانیان وەربگیرێت.

سەرۆک وەزیران ڕاشیگەیاند، داوا لە کەسانی بەهرەمەند و داهێنەر لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە لەرێگەی ئەم پارکەوە، پەرە بە بیرۆکە و توێژینەوەکانیان بدەن و بیکەن بە ناوەندێکی گرنگی داهێنان، گوتەیەکی باو هەیە کە دەڵێت: "پێداویستی دایکی داهێنانە"، کە بۆتە بنەمای پێشکەوتنی گەورە و گۆڕانکاریی مەزنیان لە ژیانی ئێمەدا دروستکردووە. تەنانەت لە کۆمەڵگەی ئێمەش لەساڵانی ڕابردوو زۆر داهێنان کراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان تا مرۆڤایەتی هەبێت داهێنان بەردەوام دەبێت.

باسی لەوەشکرد، ئێمە ئەمڕۆ لەسەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرد دەژین و شەپۆلێکی خێرا و گەورەی گۆڕانکاریی و پێشکەوتنیان لە هەموو بوارەکاندا هەیە و ژیانی ئێمەیان داگیرکردووە، بەڵام بێگومان هەموو بیرۆکەیەکی داهێنان پێویستی بە ژینگەیەکی لەبار و پشتیوانی هەیە، بۆ ئەوەی بە ئەنجام بگات و زیاتر گەشە بکات.

سەرۆک وەزیران دەشڵێت: لەم ڕووەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ داهێنان و کاری نوێگەریی و پەرەپێدانی کاروباری زانستیی و پشتگیریکردنی زانایان و داهێنەرانی کوردستان دووپات دەکاتەوە.

مەسرور بارزانی گوتی دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدەم، ڕاستە حکوومەت پشتیوان دەبێت و زەوی بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخانکردووە، بەڵام لەلان کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان دەبێت. دەشڵێت: بیرۆکەی دروستکردنی پارکی زانست بۆ ئەوە بووە کە ئێمە شوێنێک ئامادە بکەین بۆ ئەو هەموو بەهرە و توانایەی کە لە گەنجەکانی ئێمەدا هەبووە، بەڵام زۆر جار جێگە و ئیمکانیاتی پێویست نەبووە کە بیرۆکەی خۆیان بکەن بە ڕاستی و بیکەن بە پرۆژە.

ڕوونیشی کردەوە، هەندێک جار خەڵکی سەرکەوتوومان هەبووە بەڵام ڕوویان لە هەندەران کردووە تاکوو ئەو پێداویستیانەی بەدوایدا دەگەڕان، لە دەرەوە بتوانن بۆ خۆیان دابینی بکەن و بیرۆکەکانیان بکەن بە ڕاستی. بۆیە ئێمە دەمانەوێ کوردستان ببێت بەو شوێنەی کە گەنجەکانمان هەر لێرە بتوانن بیرۆکەکانی خۆیان بکەن بە پرۆژە، ئەمە ئەو بەڵێنەیە کە پێشتریش بە گەنجەکانمان داوە و ئێستا دەبێتە ڕاستی.

مەسرور بارزانی گوتیشی: وەبەرهێنانی زۆرمان کردووە لە کەرتی کشتوکاڵ، لە ڕێگەوبان، لە گەشتوگوزار، لە هەموو ڕوویەکەوە، ئەمجارە وەبەرهێنان لە هزر و بیری گەنجەکاندا دەکرێت کە گەورەترین سەرمایەی وڵاتەکەمانە،  ئومێدێکی یەکجار زۆرم هەیە کە ئەم پرۆژەیە دەبێتە پرۆژەیەکی زۆر گەورە بۆ خزمەتکردن و پێشخستنی کوردستان و گەنجەکانیشمان زیاتر دەتوانن سوودمەند بن لەو خزمەتگوزاریانەی کە دەخرێتە بەردەستیان.

 

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

 

 

Fly Erbil Advertisment