ئاماژەیەكی مەترسیدار لە دژی كریستیانۆ رۆناڵدۆ؟
ئایا ئەستێرەکانی پورتوگال جارێکی دیکە ڕێگە بە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دەدەن؟

جارێكی دیكە كریستیانۆ رۆناڵدۆ خۆی دەبینێتەوە كە بە تەنیا عارەبانەكەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال رادەكێشێت، لە كاتێكدا پۆرتوگال پڕیەتی لە ئەستێرە، بەڵام دیسان سەرجەم چاوەكان لەسەر ئەستێرەكەی یانەی نەسری سعوودیەیە.
یاریزانانی هەڵبژاردەی پۆرتوگالیان پلانیان دانابووە ئەم مانگە پشوو وەربگرن چونكە پێیانوابوو لەم مانگەدا بیلیتی مۆندیالی 2026 بەدەستدەهێنن، بەڵام لە دوایین یاریی نەیانتوانی لە هەنگاریا ببەنەوە یارییەك بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكەیان كۆتایی هات، هەردوو گۆڵەكەی پۆرتوگال لە لایەن كریستیانۆ رۆناڵدۆ تۆمار كرا.
مەترسییەكە ئەوەیە، ئایا ئەم نەوە زێڕین و پڕ ئەستێرەیەی پۆرتوگال بەرەو بێهیوایبوون لە گەیشتن بە مۆندیالی 2026 دەڕوات، دیسان ئەستێرەكان رێگە دەدەن هەرچی شكۆمەندییە بخرێتە پاڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ؟.
هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە خولەكەكانی زیادكراوی كۆتایی یارییەكە زۆر بە زەحمەت توانیان لە ئێرلەندای باكوور ببەنەوە، دواتر دەرفەتی ئەوەیان هەبوو لە رێگەی بردنەوە لە هەنگاریا گەیشتن بە مۆندیالی 2026 مسۆگەر بكەن، یاریزانەكان لەو یارییە زۆر بە متمانە و باوەڕێكی زۆرەوە یارییان كرد، لە خۆباییبوونیان پێوە دیار بوو، بەڵام ئاستێكی نائومێدكەریان پێشكەش كرد، جووڵە و هەوڵەكانیان لەنێو یاریگە زۆر لەسەرخۆ بوو، خێرا نەبوون، دەركەوت تیپەكە كێشەی زۆری هەیە، دەرفەتێكی زێرینیان لەدەستدا و نەیانتوانی یارییەكە ببەنەوە.
سیناریۆیەکی مەترسیدار خەونەکەی كریستیانۆ دەخاتە ژێر هەڕەشە
ئەم دۆخەی بەسەر پۆرتوگال روودەدات شتێكی نوێ نییە، رۆناڵدۆ لەمێژە بەدەست نەبوونی پاڵپشتی راستەقینە لە پاڵەوانێـتییە گەورەكان دەناڵێنێت، لە مۆندیالی 2014 تیپەكە ئاستێكی كارەستباری لە قۆناغی كۆمەڵەكان پێشكەش كرد و لە مۆندیال دوورخرایەوە.
لە مۆندیالی 2018، پۆرتوگالی لە قۆناغی 16 بەرامبەر ئۆروگوای دۆڕا و دوورخرایەوە، كریستیانۆ چوار گۆڵی كرد و بەرامبەر ئیسپانیا لە قۆناغی كۆمەڵەكانی هاتریكی كرد، بەڵام بەگشتی یاریزانەكان بە شێوازێكی بە كۆمەڵ یارییان بۆ دۆن نەكرد و نەیتوانی كریس وەكو چەكێكی تۆقێنەر بەكاربهێنن.
لە مۆندیالی 2022 بە تەواوەتی دیار بوو كە یاریزانەكان نەیانتوانی پاڵپشتی كریستیانۆ بكەن و لە قۆناغی هەشت بە گۆڵێكی بێوەڵام بەرامبەر مەغریب دۆڕان.
دوایین سەما، هیچ دەرفەتێك بۆ هەڵەكردن نییە
مۆندیالی 2026 دوایین دەرفەتە بۆ كۆتایی هاتنی ژیانی ئەفسانەیی دۆن، ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ ئەوەی كریستیانۆ بە بردنەوی نازناوی مۆندیال خۆی رزگار بكات لەو لۆمە و شەرمەزارییەی كە دەدرێتە پاڵی بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە هاوشێوەی مێسی جامی جیهانی بۆ وڵاتەكەی بباتەوە، لە یارییەكانی داهاتووی پۆرتوگال هیچ دەرفەتێك نەماوە بۆ راستكردنەوە و قەرەبووكردنەوەی هەڵەكان، هەر بێئاگایی و كەمتەرخەمییەك تەنانەت بۆ چەند خولەكێكیش بێت ئەوا دەبێتە لەناوچوونی خەونە گەورەكەی پۆرتوگال.
ئەوەی لەم مانگەدا روویدا پێویستە ببێتە وانەیەكی گەورە بۆ یاریزانەكانی پۆرتوگال، دەبێت هەموو ئەستێرەكانی ئەو هەڵبژاردەیە لەوە تێبگەن كە پێویستە پارێزگاری لە شكۆی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بكەن و چركە بە چركە شەڕێكی جدی بۆ پاڵپشتیكردنی بكەن، ئەگەر وانەكەن سەركردەكەیان و وڵاتەكەیان بۆ مۆندیال بێهیوا دەكەن.

