پاڵەوانێتییەك بە ناوی "جامی مێسی" لە مەیامی دەكرێتەوە

ئەم پاڵەوانێتییە بە پلانێك بۆ "دزینی بەهرەمەندەكان" ناودەبرێت

پاڵەوانێتی جامی مێسی لە كۆتایی ئەمساڵ دەكرێت
پاڵەوانێتی جامی مێسی لە كۆتایی ئەمساڵ دەكرێت

لیۆنێل مێسی، كاپتنی یانەی ئنیتەر مەیامی ناوی خۆی بەكاردێنێت بۆ راكێشانی باشترین بەهرەمەندەكانی جیهان بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییەك بەناوی "جامی مێسی" بۆ یاریزانانی ژێر 17 ساڵان، لە نێویاندا بەهرەمەندەكانی ئەكادیمیای لاماسیای تایبەت بە بارسێلۆنا بانگهێشت دەكرێت بۆ ئەو پاڵەوانێتییە كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ لە مەیامی بەڕێوە بچێت. ئەم پاڵەوانێتییەش لێكدانەوەی جیاوازی لەسەر ئاستی جیهان لێكەوتەوە، بەشێكیان پێیانوایە ئەمە پلانێكی مێسییە بۆ دزینی بەهرەمەندەكانی جیهان.

8 یانە بەشداریی لە "جامی مێسی" دەكەن.
بە گوێرەی میدیایەكانی ئەمریكا، لە كۆتایی ئەمساڵ لە شاری مەیامی لە ئەمریكا بۆ یەكەمجار پاڵەوانێتییەك بە ناوی "جامی مێسی" بۆ یاریزانانی خوار تەمەن 17 ساڵ بەڕێوە دەچێت، هەشت یانە بەشداریی تێدا دەكەن كە پێكهاتوون لە (ریڤەرپلەیت و نیو ئۆڵد بۆیزی ئەرجەنتینی، بارسێلۆنا و ئاتڵێتیكۆ مەدریدی ئیسپانی، چێڵسی و مان سیتی ئینگلیزی، لەگەڵ یانەكانی ئینتەر مەیامی و ئینتەر میلانی ئیتاڵیا).

مێسی بەهرەمەندەكانی جیهان دەخاتە ژێر چاودێری خۆی
پاڵەوانێتی "جامی مێسی" لێكدانەوەی جیاوازی لەسەر ئاستی جیهان بۆ دەكرێت، بەشێكیان پێیانوایە مێسی ناوی خۆی بۆ بواری وەبەرهێنان لە دزینی یاریزانان و كۆكردنەوەیان لە مەیامی بەكاردێنێت، لەم پێناوەدا مێسی لە رێگەی ئەم پرۆژەیە دەتوانێت دیارترین بەهرەمەندەكانی جیهان بفڕێنێت لە نێویاندا دیارترین یاریزانەكانی لاماسیای كردووەتە ئامانج.
ئەم پاڵەوانێتییە دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئینتەر میامی دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری سەدان یاریزانی بەهرەمەند 
بکات، بەمەش پارە و كاتێكی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە و رزگاری دەبێت لە گەڕان و سووڕان و هەڵسەنگاندن بۆ یاریزانانی جیهان، لە رێگەی پاڵەوانێتی جامی مێسی زۆرترین زانیاریشی لەبارەی یاریزانە لاوەكان لە بازاری گواستنەوەی یاریزانان  دەستدەكەوێت.

 

دزینی یاریزانان یان رفاندنێكی لەسەرخۆ؟
بە گوێرەی لێكدانەوەكان رەنگە پاڵەوانێتی جامی مێسی "دزین"ێكی راستەوخۆ نەبێت، بەڵكو پڕۆژەیەكە بۆ ئەوەیە لەسەرخۆ ئەستێرە لاوەكان "بڕفێنێت" لە رێگەی ئەم پاڵەوانێتییە مێسی سەرنجی یاریزانە لاوەكان و خانەوادەكانیان رادەكێشێت بۆ ئەوەی بە ژیانی مەیامی ئاشنایان بكات و لە نزیكەوە لەگەڵ مێسی دەربكەون و پێبگەن كە ئەمە خەونی زۆرینەی یاریزانە لاوەكانی جیهانە.
لە ئێستادا ئینتەر مەیامی نزیكە لە تەواوبوونی پرۆژەیەكی وەرزشی و ژێرخانێكی گەورەی پێشكەوتوو لە مەیامی، ئەمەش وادەكات سەرنجی یاریزانە لاوەكان بۆ مەیامی رابكێشێت، جگە لەمەش نزیكبوونەی مێسی لەگەڵ یاریزانە لاوەكان وادەكات كۆچی خانەوادەی یاریزانەكان لە داهاتوو بۆ مەیامی ئاسانتر بكات، بەتایبەتی ئەگەر ئینتەر مەیامی ئۆفەرێكی سەرنجراكێشیان پێشكەش بكات و خانەوادەی یاریزانەكان هەست بكەن لەڕووی داراییەوە سوودمەند دەبن.

تەحەدای یاسایەكانی فیفا!
كردنەوەی پاڵەوانێتی "جامی مێسی" ئاسان نابێت، چونكە فیفا یاسای توندی لەسەر گواستنەوەی یاریزانە لاوەكان داناوە، فیفا رێگەنادات یانەكان بازرگانی و وەبەرهێنان بە یاریزانە لاوەكان بكات، ئەمەش بۆ یانەیەكی وەكو بارسێلۆنا ئاسان نابێت كە ببینن بەهرەمەندەكانیان لەژێر چنگیان لە لاماسیا دەردەهێنن.
بەڵام ئینتەر مەیامی ئاگاداری ئەم بەربەستانەیە و لە رێگەی ئەو پاڵەوانێتییە هەوڵدەدات پەیوەندییەكی دروست و باش لەگەڵ یانە گەورەكان دروست بكات، بەتایبەتی ئەو یانانەی بەناوبانگن لە بواری پێگەیاندنی یاریزانانی بەهرەمەند.

ئامانجێكی دیكەی پاڵەوانێتییەكە
"جامی مێسی" تەنیا پاڵەوانێتییەكی لاوان نییە، بەڵكو پرۆژەیەكی گەورەی مێسییە بۆ ئەوەی ئینتەر مەیامی بخاتە سەر نەخشەی تۆپی پێی جیهان، واتە مەبەست تەنیا لە كڕینی یاریزانانی بەهرەمەند نییە بۆ یانەكە، بەڵكو ئامانجەكەی ئەوەیە ئینتەر مەیامی ببێتە ناوەندێك بۆ راكێشانی یاریزانان و پێگەیاندنی بەهرەمەندەكان و تێكەڵبوونی یانەكە لەگەڵ ناودارترین دامەزراوە وەرزشییەكانی جیهان.
لە كۆتایی دا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا مێسی لەو پرۆژەیەی سەركەوتوو دەبێت، دەتوانێت جێنشینێكی خۆی بۆ ئینتەر مەیامی بدۆزێتەوە، یان لاماسیا ئامادەیە دەستبەرداری گەنجینە بەنرخەكانی بێت؟. لە رۆژانی داهاتوو هەموو شتێك روون دەبێتەوە.

 

 
Fly Erbil Advertisment