دێمبێڵی بەهۆی باڵۆن دۆرەوە لە پاریس سانجێرمان دەڕوات

داوایەکی لەلایەن پاریس سانجێرمان رەتکراوەتەوە

دێمبێڵێ بەهۆی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر لە بەجێهێشتنی پاریس سانجێرمان نزیکە، داوایەکی لە یانەکەی کردووە و پاریسیش بەهیچ شێوەیەک بە داوایەکەی رازی نییە.

کەناڵی RMCـی فەڕەنسی ئاشکرایکردووە، عوسمان دێمبێڵێ خەریکە بەهۆی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر لە پاریس سانجێرمان بڕوات، ئەم هێرشبەرە فەڕەنسییە کە خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێناوە، داوای لە پاریس سانجێرمان کردووە مووچەکەی بەرز بکەنەوە و وەکو باشترین یاریزانی جیهان هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت، بەڵام یانە فەڕەنسییەکە بە هەموو شێوەیەک داوایەکەی دێمىێڵی رەتکردووەتەوە.

کەناڵی RMCـی فەڕەنسی راشیگەیاندووە، دێمبێڵێ داوایکردووە مووچەکەی هاوشێوەی باشترین یاریزانەکانی جیهانی لێ بکرێت، بەڵام لویس کامپۆس بەڕێوەبەری وەرزشی پاریس سانجێرمان رەتیدەکاتەوە بچنە ژێر باری داواکارییەکانی دێمبێڵێ و پێشتر رایگەیاندبوو 'ئێمە یانەکەمان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و سیاسەتی خۆمان گۆڕیوە، بڕیارمان داوە یانەکەمان بپارێزین و نەچینە ژێر داواکارییە زۆرەکانی ئەستێرەکانی یانەکەمان، چونکە یانەکەمان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە'.

پاریس سانجێرمان هاوینی رابردوو دەستبەرداری جیانلویجی دۆنارۆما بوو، چونکە ئامادە نەبوو بچێتە ژێر باری داواکارییەکانی ئەو گۆڵپاریزە ئیتاڵییە و دەستبەرداری بوو بۆ مانچێستەر سیتی، بۆیە لەوانەیە هەمان هەڵویستیان بەرامبەر عوسمانیش هەبێت کە تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هەیە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment