ئاڵۆزییەکانی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و حەماس

ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و دیلە فەڵەستینیەکان لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاشتیی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بە چاودێریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بێگرفت و بە گوێرەی پلانی داڕێژراو جێبەجێ کرا.
ڕۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز' لە ڕاپۆرتێکدا، بڵاوی کردووەتەوە "هەرچەندە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە ئاسان بوو، بەڵام شارەزایانی سیاسی لایانوایە، قۆناغی دووەمی ئەو ڕێککەوتنە گرفت و ئاڵۆزیی زۆری تێدایە و بە ئاسانی جێبەجێ ناکرێت. زۆرێک لە چاودێرانی سیاسیی، گەشبینییەکانی ترەمپ سەبارەت بە جێبەجێکردنی سەرجەم بەندەکانی ڕێککەوتنەکە، بە زێدەڕۆیی دەزانن."
دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، دەستپێکی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکەی ڕاگەیاند، بەڵام نەیگوت دانوستانەکان لە کوێ و کەی دەست پێ دەکەن.
شرۆڤەکاران ئیسرائیلی و فەڵەستینی وا دەزانن ئەگەری سەرنەکەوتنی پلانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، لە گەشبینییەکانی ترەمپ، زیاترە.
ڕەزامەندیی حەماس بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانی و چەکداماڵینی تەواوەتی لە سەرجەم کەرتی غەززە، زۆر قورسترە لەوەی پێشبینی دەکرێت. هەرچەندە ترەمپ و ناتانیاهۆ، چەندان جار، جەختیان لەوە کردووەتەوە بەبێ جێبەجێ کردنی ئەو دوو مەرجە، ئیسرائیل بە تەواوەتی لە کەرتی غەززە ناکشێتەوە.
قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە، جگە لەو دوو مەرجە، پێشنیازی پێکهێنانی هێزیکی نێودەوڵەتییە بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە کەرتەکەدا، ئەو هێزە، لە سەربازانی ئەمەریکی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی پێک دێت.
ئەم قۆناغە، هەروا ڕاهێنانی پۆلیسی فەڵەستینی لەلایەن دەوڵەتانی میسر و ئوردن دەگرێتەوە، جگە لە پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی تەکنۆکراتی فەڵەستینی بۆ بەڕێوەبردنی کاری ڕۆژانەی کەرتەکە بە چاودێریی نێودەوڵەتی.
چاودێران، لایانوایە زۆربەی خاڵەکانی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززە، تا ڕادەیەکی زۆر، ناڕوونن، چونکە نازانرێت چۆن و بە چ شێوەیەک کارا دەکرێن؟ هەروا نەبوونی کۆدەنگیی لایەنە بەشدارەکانی ڕێكکەوتنەکە، سەبارەت بەو خاڵانە، هێندەی دی ڕەشبینیی چاودێرانی زیاد کردووە.
نیویۆرک تایمز، لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاندووە "ئەوەی زیاتر چاوەڕێ دەکرێت، سەرنەکەوتنی قۆناغی دووەمی دانوستانەکانە و ئەگەری ئەوە زیاترە حەماس چەکەکانی ڕادەست نەکات و ئیسرائیلیش بە تەواوەتی لە غەززە نەکشێتەوە."
ئەوان، پێشبینی ئەوە دەکەن ئیسرائیل مامەڵەی خۆی لەگەڵ حەماسدا بە هەمان شێوەی مامەڵەی لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان درێژە پێ بدات، بەوەی هەر جارە چەکدارەکانیان، یان جبەخانەکانیان بۆمباران بکات.
ئیبراهیم مەدهون، شرۆڤەکاریکی فەڵەستینی نزیک لە حەماس، دەڵێت: حەماس، ئامادەیە لە پێناو ئاوەدانکردنەوەی غەززە، هەندێک هەنگاوی گونجاو بنێت، بەڵام دەیەوێت، لە داهاتووی غەززەدا هەندێک دەسەڵاتی هەبێت. حەماس، دەیەوێت بەشێک بێت لە چارەسەر و نابێتە ڕێگر لەبەردەم سەقامگیریی کەرتەکەدا، بەڵام ئامادە نییە دەستبەرداری هەژموونی خۆی ببێت.