خەونی کڕینی خانوو، بازاڕێک بۆ کەمینە، قەیرانێک بۆ زۆرینە

بازاڕی خانووبەرەی ئێران لە کاتێکدا چووەتە ناو یەکێک لە قووڵترین قۆناغەکانی چەقبەستوویی ئابوورییەوە، کە هەڵاوسانی نرخی خانووبەرە و کرێی خانوو گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە و ڕێژەی کرێنشینان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە.
داوود بەیگینەژاد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی ڕاوێژکارانی خانووبەرەی تاران، جەختی لەوە کردەوە "بازاڕی خانووبەرە لەو ئەوپەڕی کزیدایە و هاووڵاتییان، بە دەگمەن نەبێت، توانای کڕینی خانوویان نییە".
جێگری سەرۆکی یەکێتیی ڕاوێژکارانی خانووبەرەی تاران،گوتیشی: هۆی سەرەکیی ئەم دۆخە، دابەزینی بەرچاوی هێزی کڕینی خەڵکە؛ بەجۆرێک، زۆرێک لە کرێنشینان ناچار بوون لە گەڕەکە ناوەندی و باکوورییەکانی تارانەوە بۆ گەڕەکە هەرزانەکانی باشووری تاران، بگوێزنەوە.
ئابووریی دووجەمسەر
بەیگینەژاد، هەروەها وەڵامی ئەو شەپۆلە پڕوپاگەندەیەی دایەوە، کە دەڵێن "پاش ناردنەوەی هاووڵاتییە ئەفغانەکانی نیشتەجێی ئێران، کرێ و نرخی خانوو بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە " و گوتی: ئەم دابەزینە تەنیا گەڕەکەکانی باشووری تاران دەگرێتەوە و کرێ و نرخی خانوو لە گەڕەک و ناوچەکانی دیکە بەردەوام بەرز دەبنەوە.
لەکاتێکدا بەشی هەرە زۆری دانیشتووانی شارەکانی ئێران کرێچین، یان گیرۆدەی قەرزی نرخی خانووەکانیانن، کەچی نرخی خانوو لە گەڕەکە دەوڵەمەندنشینەکانی تاراندا ڕکابەریی بازاڕی خانووبەرەی ئەمەریکا دەکات! هەرچەندە ئەم جۆرە بەراوردکارییە زیاتر وەک گاڵتەیەکی تاڵ دێتە بەرچاو.
بۆ نموونە، یەکەیەکی نیشتەجێبوونی نوێی 900 مەتری لە گەڕەکی زەعفەرانییەی تاران بە نزیکەی نۆ ملیۆن 400 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت، لە نیویۆرک دەتوانرێت خانوویەکی 990 مەتری بە کوالێتی و تایبەتمەندیی زۆر باشتر بە نۆ ملیۆن و 250 هەزار دۆلار بکڕدرێت. ئەم جیاوازییە چینایەتییە لە بازاڕی خانووبەرەی ئێراندا نیشانەی پەیکەری ئابووریی دووجەمسەرییە و دەری دەخات کە بەشێکی بچووکی خەڵکی سەر بە چینە باڵاکانی دەسەڵات و سامان، بە سوودوەرگرتن لە داهاتە نایاساییەکانی دراو و دارایی، لە بازاڕەکانی خانووبەرەدا وەبەرهێنان دەکەن، بەڵام بەشێکی بەرفراوانی خەڵک، تەنانەت توانای بەکرێگرتنی خانوویەکی ئاساییشیان نییە.
80 ساڵ پاشەکەوت بۆ کڕینی خانوویەک!
سەرۆکی یەکێتیی ڕاوێژکارانی خانووبەرەی تاران، دەڵێت: ئێستا نیوەی داهاتی کرێنشینان دەدرێتە کرێی خانوو و ئەگەر خێزانێک بیەوێت خانوویەکی 5 بۆ 6 ملیار تومەنی لە تاران، یان شارەکانی دیکە بکڕێت، تەنانەت بە داهاتێکی بەرزتریش لە تێکڕای داهاتی کۆمەڵگە، ناچارە نزیکەی 80 ساڵ پاشەکەوت بکات.
چەقبەستوویی و هەڵاوسان، پێکەوە بازاڕی خانووبەرەی ئێرانیان گرتووەتەوە؛ دیاردەیەک، کە لە ڕوانگەی ئابووریناسانەوە پێی دەوترێت "چەقبەستوویی هەڵاوسان."
هادی حەقشناس، ئابووریناس، دەڵێت: "ژمارەی مۆڵەتی دروستکردنی باڵەخانە کە لە بەهاری ئەمساڵدا دەرکراوە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە و بەرهەمهێنان و خستنەڕووی خانووبەرە کەم بووەتەوە. لە هەمان کاتدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی گشتیی ئاستی نرخەکان، نرخی خانووبەرەش زیادی کردووە."
دۆخی چەقبەستوویی و هەڵاوسان لە بازاڕی خانووبەرەی ئێراندا قەیرانێکی کاتی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی هەمەلایەنەی ئەو فشارە ئابووری و سیاسیانەیە کە خراونەتە سەر ئێران؛ بە تایبەتیش پاش کاراکردنەوەی میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکان، ئیتر وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی لە کەرتی خانووبەرە و کەرتەکانی دیکەی ئابووریدا ڕوو نادات.