هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراق ئافرەتان دەکاتە هاووڵاتی پلە دوو

 ڕێکخراوی 'چاودێریی مافەکانی مرۆڤ'ی ئەمەریکی ڕەخنەی لەو هەموارانە گرت کە لە یاسای باری کەسیی تایبەت بە مەزهەبی شیعە لە عێراق، کراون و بە 'جیاکاری دژی ئافرەتان'ـی ناساند.

چوارشەممە، 15ـی تشرینی یەکەم 2025، ڕێکخراوی 'چاودێریی مافەکانی مرۆڤ'ـی ئەمەریکی، لە ڕاگەیەنراوێکدا "ڕەخنەی لەو هەموارانە گرت کە لە یاسای باری کەسیی تایبەت بە مەزهەبی شیعە لە عێراق، کراون و لە ڕووی یاساییەوە ئافرەتان دەکەنە هاووڵاتی پلە دوو."

هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی تایبەت بە مەزهەبی شیعە، پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا پەسەندی کرد و لە 6ی تشرینی یەکەمی 2025، لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو کرایەوە. بە گوێرەی ئەو هەموارانە عێراقییە شیعەکان مافی ئەوەیان پێ درا لە کاتی بەستنی گرێبەستی هاوسەرگیریدا، لە نێوان حوکمەکانی مەزهەبی شیعە یان ئەو حوکمانەی لە یاسای باری کەسی کارپێکراودا هاتووە و چەندین دەیەیە کاریان پێ دەکرێت، کاروباری خێزانیان ڕێک بخەن. 

یاسای باری کەسیی ئێستا، کە  لە کۆمەڵگەیەکی عێراقی پارێزگاردا، بە یاسایەکی پێشکەوتوو دادەنرێت، لە ساڵی 1959ەوە، ماوەیەکی کەم دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی، کاری پێ دەکرێت و هاوسەرگیریی لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە قەدەغە دەکات، بەتایبەتیش ڕێگریی لە پیاوانی ئایینی دەکات کە مافی خێزانەکان بۆ پەنابردنە بەر دادگا مەدەنییەکانی دەوڵەت، زەوت بکەن.

بەڵام بە گوێرەی هەموارەکە، دیوانی وەقفی شیعە "کۆکراوەی حوکمە جەعفەرییەکان (شیعییەکان) لە بابەتەکانی باری کەسیدا"ـی لە یاساکەدا گونجاندووە و لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوە.

ڕێکخراوی 'چاودێریی مافەکانی مرۆڤ' ڕایگەیاند "کۆکراوەی نوێی باری کەسیی مەزهەبی جەعفەری لە عێراق، کە لە 27ی ئابی 2025 ، لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا، لە بابەتەکانی هاوسەرگیری، جیابوونەوە، میرات، و بەخێوکردن و چاودێری منداڵاندا".  جیاکاری دژی ئافرەتان دەکات لە بەرژەوەندی پیاوان.

 سارا سەنبەر، توێژەری کاروباری عێراق لە ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، داوای "هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم  هەموارە نوێیە"ی کرد، چونکە "مافەکانی ئافرەتان پێشێل دەکات و لە ڕووی یاساییەوە دەیانکات بە هاووڵاتی پلە دوو. هەروەها مافی چارەی خۆنووسین لە ئافرەتان و کچان زەوت دەکات و دەیبەخشێت بە پیاوان.

ڕێکخراوەکە، دەڵێت: "هەموارکردنەوەکە بڕگەی وای تێدایە ئەو مافانە لە ئافرەتان دەسێنێتەوە کە بە ڕەنجی خۆیان بەدەستیان هێناوە؛ وەک ڕێگەدان بە مێرد بۆ تەڵاقدانی هاوسەرەکەی بەبێ ئاگادارکردنەوەی یان وەرگرتنی ڕەزامەندیی و گواستنەوەی ئۆتۆماتیکی بەرپرسیارێتی بەخێوکردنی منداڵان بۆ باوک دوای تەمەنی حەوت ساڵی، بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی باڵای منداڵەکە و ڕێگەدان بە مێرد بۆ گۆڕینی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی بۆ ئەوەی بکەوێتە ژێر حوکمەکانی کۆکراوەکە لەبری یاسای ساڵی 1959، بەبێ ڕەزامەندی، یان ئاگاداری هاوسەرەکەی".

هەروەها ڕەخنەی زۆر لە یاساکە گیراوە بەوەی کە دەرگا بۆ بەشودانی کچانی ناباڵغ لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە دەکاتەوە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا هۆشداری دا لەوەی "هەموارەکان دەرگا بۆ بەیاساییکردنی هاوسەرگیرییە تۆمارنەکراوەکان دەکەنەوە کە زۆرجار بۆ خۆدزینەوە لە یاساکانی هاوسەرگیریی منداڵان بەکار دەهێنرێن" سەرەڕای "بێبەشکردنی ئافرەتان و کچان لە مافەکانیان لە کەیسەکانی تەڵاق و میراتدا.

بە گوێرەی داتاکانی سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، لە  28%ی کچانی عێراق لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە بە شوو دەدرێن.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment