ئیسرائیل بۆ واشنتن: حەماس هەوڵی گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەکان نادات

بەگویرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"، ئیسرائیل نیگەرانییەکانی خۆی بە ئەمەریکا ڕاگەیاندووە سەبارەت بەوەی بزووتنەوەی حەماس "وەکو پێویست هەوڵ نادات" بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە کەرتی غەززە ماونەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، بە ئەمەریکای ڕاگەیاندووە حەماس وەکو پێویست هەوڵی دۆزینەوە و ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان نادات و تاوەکو حەماس هەنگاوی کرداری و ڕژد نەنێت بۆ دۆزینەوە و ڕادەستکردنەوەی تەرمی سەرجەم بارمتەکان، ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە ناتوانێت پێبنێتە قۆناغی داهاتوو.

ئەم نیگەرانیانەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە سوپای ئەو وڵاتە ڕۆژی چوارشەممە پشتڕاستی کردەوە ڕێکخراوی خاچی سوور تەرمی دوو بارمتەی دیکەی لە کەرتی غەززە وەرگرتووەتەوە. سوپا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە خاچی سوورەوە پێمانگەیشتووە، کارمەندەکانیان دوو تابوتیان وەرگرتووە کە تەرمی دوو کەسی ڕفێنراوی تێدایە و ئێستا لە ڕێگادان بۆ ئەوەی ڕادەستی هێزێکی ئیسرائیل بکرێنەوە."

لای خۆیەوە، بزووتنەوەی حەماس پێشتر ڕایگەیاندبوو تەرمی دوو بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەست دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر سەختی و ئاستەنگییەکانی پرۆسەی دۆزینەوەی تەرمی بارمتەکانی دیکە کردبووەوە.

بزووتنەوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا: "ئەو تەرمانەی کە ماونەتەوە، پێویستیان بە هەوڵێکی زۆر و ئامێری تایبەت هەیە بۆ دیاریکردنی شوێنەکانیان و دەرهێنانەوەیان لەژێر داروپەردووی بۆردوومانەکاندا." حەماس دووپاتی کردەوە "سەرجەم ئەو بارمتە زیندووانەی لەبەردەستیدا بوون، ڕادەستی کردوونەتەوە، جگە لەو تەرمانەی کە توانیویەتی بیان دۆزێتەوە."

ئەم پێشهاتانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسدایە، کە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی، گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکانە، چ ئەوانەی لە ژیاندا ماون و چ ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment