مەحموود مەشهەدانی: هەر سوونەیەک دەربکەوێت، تیرۆر دەکرێت

پاش تیرۆرکردنی سەفا مەشهەدانی کاندیدی هاوپەمانی سیادە و ئەندامی ئـەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، شەپۆلێکی ناڕەزای توند لە شەقامی سوونیدا سەریهەڵداوە، سەرۆک هۆزەکانی باکووری بەغدا داوا لە حکوومەت و هێزە ئەمنییەکان دەکەن بکەرانی ڕاستەقینەی پشت ئەو ڕووداوە ئاشکرا بکەن، چونکە ماوەی چەند ساڵێکە کەسایەتیە دیارەکانی سونە دەکرێنە ئامانج و تیرۆر دەکرێن، ئەگەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی هێزە ئەمنییەکانیان بە دڵ نەبێت هەڕەشەی هەڵوێستی توند دەکەن.
تیرۆرکردنی کاندیدە بەهێزەکەی هاوپەمانی سیادە لە باکووری بەغدا کاردانەوەی شەقامی سوونی بە دووای خۆیدا هێناوە، سەفا مەشهەدانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و سەرکردە لە حزبەکەی خەمیس خەنجەر، شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەی لە ناوچەی تاڕمیەی بەغدا کورژا و لایەنە سوونەکانیش ئەم ڕووداوە بە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە سیاسیەکان دەزانن.
لەیس دلێمی، سەرکردە له هاوپەمانی سیادە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم ڕووداوە زیانی بە هاوپەمانیەکەمان و ناوچەکە و خەڵکی تارمیە گەیاند: ناکۆکی سیاسی هەر بووە، بەڵام بگاتە ئاستی کوشتنی مرۆڤ، ئەوە حاڵەتێکی ترسناکە، کوشتنی سەفا ئازاری بە هەموومان گەیاندووە بە تایبەت خەڵکی تارمیە.
شێخ قەیس لەتیف، سەرۆک هۆزی شەراب دەڵێت: ئەم پیاوە کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە کەسایەتیەکی سیاسی بوو، بەڵام چاونەترس و ئازابوو، داکۆکی کارکی سەر سەخست بوو لە ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ ناوچەکەی خۆی، کار بۆ تارمیە ئەکرد کێشە و نەهامەتیەکانی ئەم ناوچەی دەگەیاند بۆیە کوژار و کوشتنەکەش جێگای قبوڵ نییە.
غەیس عەلی، بەپرسی نوسینگەی سەفا مەشهەدانی گوتی: کەسایەتیەکانی ئەم ناوچەیە دەکرێن ئامانج سیاسی و تیرۆرستی، لە لایەن کۆمەڵێ کەسێ تێکدەرەوە نایانەوێت کار بۆ ناوچەکەمان بکەین، ئامانجیان تێکدان و تیرۆرکردن و توندوتیژی و دروستکردنی هۆسەیە.
سەفا مەشهەندانی، گەنجێکی دانشتووی تارمیە بوو لە دواین هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا بەغدا زۆرترین دەنگی باکووری بەغدای لە ناو پێکهاتەی سوونە بەدەستهێنا، هەر ئەو کات هەوڵی تیرۆرکردنیدرا و قاچێکی بریندارکرا، بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقیش کاندید بوو، بەڵام لە نزیک ماڵەکەی خۆی کوژرا، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوە بەسەرسورمانەوە دەڵێت: لە پێکهاتەی سونە هەر کەسێک دەرکەوێت، تیرۆر دەکرێت.