قایمقامی شێخان: ڕێگای سەرجەم گوندەکانی سنووری شارەدێی کەلەکچی قیرتاو دەکرێن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2025، سەردار یەحیا، قایمقامی شارۆچکەی شێخان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا، دەستکراوە بە قیرتاوکردنی ڕێگای ژمارەیەک گوندی سنووری ناحیەی کەلەکچی و جەختی کردەوە کە پڕۆژەکان بەبێ جیاوازی جێبەجێ دەکرێن.

سەبارەت بە پڕۆژەی ئێستا، قایمقامی شێخان ئاماژەی بەوەدا، کارکردن لە قیرتاوکردنی ڕێگای گوندی "زیناوە"ی سەر بە ناحیەی کەلەکچی دەستیپێکردووە، کە درێژییەکەی دوو کیلۆمەترە و خزمەت بە ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی گوندەکە دەکات.

هەروەها ڕوونیکردەوە، ئەمە تەنها یەک پڕۆژە نییە و پلانیان هەیە دوای تەواوبوونی ئەم کارە، تیمەکان دەست بە قیرتاوکردنی ڕێگای گوندەکانی "دارەتوو" و "گەرمک" بکەن. وتیشی: "پلانەکە ئەوەیە کە ڕێگای هەموو گوندەکانی سنووری ناحیەی کەلەکچی بەتەواوی قیرتاو بکرێن."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی شارۆچکەی شێخان، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان، بەردەوام سەردانی سەرجەم پڕۆژە لەکاردابووەکان دەکەن بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی و خێرایی کارەکان.

سەردار یەحیا سوپاسی هەریەک لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و پارێزگاری دهۆکی کرد بۆ پشتیوانیکردنیان لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە لە سنووری شارۆچکەی شێخان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment