ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی جێگرەوەی یەحیا سینوار ئاشکرا دەکات

وێنە، لای ڕاست، یەحیا سینوار، لای چەپ تۆفیق ئەبو نەعیم
وێنە، لای ڕاست، یەحیا سینوار، لای چەپ تۆفیق ئەبو نەعیم

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکیدا تیشکی خستۆتە سەر 'تۆفیق ئەبو نەعیم' کە ڕەنگە وەک جێگرەوەی یەحیا سینوار، لە دوای جەنگ ڕۆل لە غەززە بگێڕێت.

ڕۆژنامەی 'ئیسرائیل هایۆم' بڵاویکردەوە، ئازادنەکردنی چوار گەورە زیندانی ناسراوی فەڵەستینی بەناوەکانی 'ئیبراهیم حەمەد، حەسەن سەلامە، عەبدوڵڵا بەرغوسی و عەباس سەید، وایکردووە حەماس هەست بەوەبکەن دەرفەتێکی گرنگیان لەدەستداوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم چوار کەسە، بە ئاسانی توانای ئەوەیان هەبووە شوێنێ ئەحیا سینوار بگرنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، جێگرتنەوەی سینوار تەنیا لەو چوارکەسەدا قەتیس نەماوە، هەر بۆیە ڕۆژنامەکە لە باسی دیارترین کاندیدەکانی جێگرتنەوەی یەحیا سینواردا ئاماژەی بە 'تۆفیق ئەبو نەعیم'ـی تەمەن 63 ساڵ کردووە و کە لە دایکبووی کەمپی ئاوارەکانی برێجە و یەکێکە لەوانەی لەئاڵوگۆڕێکدا لەبارەنبەر 'گەڵعاد شالێت' لە ساڵی 2011دا ئازادکراوە.

ڕۆژنامە ئیسرائیلیەکە ڕایگەیاندووە، ئەبو نەعیم لە زانکۆی ئیسلامی لە شاری غەززە خوێندوویەتی و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە شەریعەتی ئیسلام بەدەستهێناوە و دواتر دکتۆرای بەدەستهێناوە.

لە ساڵی 1989دا، ئەبو نەعیم سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا و لەوێ فێری زمانی عیبری ئیسرائیلی بووە.

دوای ئازادکردنی، ئەبو نەعیم گەڕایەوە غەززە و چەندین پۆستی ئیداری لە حکوومەتی حەماسدا وەرگرتووە، لەوانە چاودێری کاروباری بنەماڵەی چەکدارە کوژراوەکان و زیندانییەکانی حەماس.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، هەڵسەنگاندنی تەواو کراوە کە ئەبو نەعیم، هاوشێوەی کەسایەتییە باڵاکانی دیکە سەرکردایەتی حەماس بکات، چونکە بۆشاییەکی بەرفراوانتر لە لووتکەی سەرکردایەتی و قەیرانی ئابووری بزووتنەوەکە هەیە.

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە جەختیشی کردەوە، ئێستا تەنیا 'مەحموود زەهار' کە ئەندامێکی بەساڵاچووی مەکتەبی سیاسی حەماسە لە غەززە ماوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەوانی دیکە لە شەڕەکەدا کوژراون یان ئێستا لە ئاوارەییدان.

دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لووتکەی شەرم شێخی میسر واژۆی لەسەر ئاگربەستی غەززە کرد، هاوکات گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەی دەیان وڵات لێرە ئامادەن بۆ ئەوەی باس لە پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، هەروەها لە کۆتاییدا دوای زیاتر لە سێ هەزار ساڵ، شەڕی غەززە کۆتایی هات؛ ئاماژەشی دا، ئاگربەستی غەززە زۆر گشتگیرە و باس لە هەموو یاسایەک دەکات.

گوتیشی: لە قۆناغی یەکەمدا، دەبێت ئیسرائیل هێزەکانی لە بەشێکی کەرتی غەززە بکشێنێتەوە، هەروەها تەواوی بارمتەکانی ئیسرائیل و زیاتر لە 1700 زیندانیی فەڵەستینی ئازاد بکرێن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment