لە مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێبرکێی شێوەکاری بۆ منداڵان بەڕێوە چوو

لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێبرکێیەکی شێوەکاری بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 12ساڵی بەڕێوە چوو، کە تێیدا کاری 18منداڵ خەڵات کرا. کێبرکێیەکە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی شارەکەوە بەڕێوە چوو کە بڕیارە لە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەو فێستیڤاڵە دەست پێ بکات و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت. 

بە نزیکبوونەوە لە فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان کە بڕیارە 26 تشرینی یەکەم دەست پێ بکات، دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو فێستیڤاڵە، کێبرکێیەکی گەورەی شێوەکارییان بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 12 ساڵی بەڕێوە برد. لەم کێبەرکێیەدا کە دووەم ساڵە بەڕێوە دەچێت، جودا لە شێوەکاری کۆمەڵێک چالاکیی دیکەش بەڕێوە چوو و بابەتی شێوەکارییەکەش ژینگەیە.

وریا فەلاحی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری شانۆی سەرشەقامی مەریوان گوتی: فێستیڤاڵی شێوەکاریی لە مەریوان، دووەم ساڵە بەڕێوەدەچێت، جیاوازی لە ساڵی پاردا ئەوە بوو کە پار تەنیا کێبڕکێی شێوەکاریی بوو، بەڵام ئەمساڵ بەرنامەی هونەری زیادکرا، وەک گرووپی مۆسیقا و گرووپی شانۆ.

بەهمەن عەبدوڵڵاهی، مامۆستای قوتابخانە دەڵێت: باسی سروشت و ژینگە کرا، تا منداڵەکانمان گرنگی بە ژینگە بدەن، بە بۆچوونی من کارێکی زۆر باشە و هیوادارم کاریگەری ئەرێنی هەبێت لەسەر داهاتووی منداڵەکانمان و شارەکەمان پاک و خاوێنتر بێت.

لە کۆتایی کێبەرکێدا کاری 18 منداڵی شێوەکار خەڵات کرا، منداڵێکی شێوەکار و هاوکات نووسەریش دەڵێت، کێبرکێکە دڵخۆشی کردووە و بە زمانی دایک چیرۆک بۆ منداڵانی کورد دەنووسێت.

ئارتین ئیسکار، شێوەکار گوتی: ئەم بەرنامەیە ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لەناو منداڵاندا و دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕۆحیان و خۆشحاڵیان دەکات، بە بۆچوونی من، ئەگەر کەسێک بیەوێت بنووسێت، پێویستە سەرەتا بە زمانی دایکی خۆی بنووسێت،  کە ئێمەی کوردیش پێویستە بە زمانی دایکی خۆمان، واتە کوردی، بنووسین تا کتێبخانەی کوردی گەورەتر بێت و یارمەتی زمانی خۆمان بدەین تا گەشە بکات و ناوەندی خوێندنی کوردی هەبێت تا منداڵەکانمان بە کوردی بخوێننەوە و جوانتر قسە بکەن.

ڕۆژە محەممەدیان، شێوەکار و نووسەر دەڵێت: هەرکەسێک شێوەکارییەکی جوانتری هەبێت، باشترە، چونکە ئەو زۆرتر هەوڵی داوە لەچاو کەسێک کە هەوڵی نەداوە و وێنەی خراپی کێشاوە.

هەژدەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی شاری مەریوان لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی 26ـی تشرینی یەکەم دەست پێ دەکات و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، دوو ساڵە لە بەرەبەری کرانەوەی فێستیڤاڵەکە کێبرکێی شێوەکاری بە بابەتی شانۆی سەرشەقام و پاراستنی ژینگە بۆ منداڵان بەڕێوە دەچێت.

 
Fly Erbil Advertisment