ئاری ئەحمەد: حکوومەتی هەرێم لە ڕێگەی پرۆژەکانییەوە ئاسایشی ئاو بۆ داهاتوو مسۆگەر دەکات

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسهرکردنی قەیرانی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی وشکەساڵی، دەستی بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی ستراتیژی و گرنگ کردووە کە ئاسایشی ئاو بۆ داهاتوو مسۆگەر دەکەن.
شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، پلانی حکوومەت ئەوەیە پشتبەستن بە ئاوی ژێرزەوی کەم بکاتەوە و لە بری ئەوە، سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگرێت. گوتیشی: ئامانج ئەوەیە 70% بۆ 75%ـی ئاوی دابینکراو لە سەرچاوەی سەرزەوی بێت و نزیکەی 1800 بیری ئاو لە سەرانسەری کوردستان بخرێنە دۆخی یەدەگەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ههرێمی كوردستان جەختی کردەوە، بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پرۆژە کە کارکردن تێیاندا ڕاگیرابوون ئێستا دەستی پێکردووەتەوە، هەروەها پرۆژەی نوێش خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەوانە:
لە هەولێر: پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، لە ڕێگەی ئەو پرۆژەیەوە توانراوە 65%ـی کێشەی ئاوی شارەکە چارەسهر بکرێت، لە ماوەکی نزیکدا کاتێک پرۆژەکە تەواو دهبێت، ڕێژەکە بەرز دەبێتەوە بۆ 100%.
لە ئاکرێ: پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ لە ساڵی داهاتوودا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە بارزان: کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی ناوچەکە دەستی پێکردووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای ساڵی 2026 تەواو ببێت.
لە سلێمانی: پڕۆژەیەکی گەورەی ئاوەڕۆ بە گوژمەی 423 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت، کە گرێبەستەکەی واژۆ کراوە و لە ماوەی مانگێکدا کارکردن تێیدا دەست پێدەکات.
ئایا ئاوی ماڵان پاکە؟
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پاکیی ئاوی خواردنەوەی ماڵان، ئاری ئەحمەد دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و گوتی: "ئاوی بەلوعەی ماڵان، 100% بۆ خواردنەوە شیاوە و لە ڕووی تەندروستییەوە زۆر باشە."
ڕوونیکردەوە، ساڵانە زیاتر لە 140 هەزار پشکنینی بایۆلۆجی، کیمیایی و فیزیایی بۆ ئاوەکە دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالێتییەکەی، کە لەگەڵ ستانداردەکانی عێراق و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بگونجێت.