ئەکسیۆس: ویتکۆف و جەی دی ڤانس سەردانی ئیسرائیل دەکەن
ویتکۆف: لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر هەستم بە خیانەت کرد

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، هەستی بە خیانەت کردووە کاتێک ئیسرائیل لە مانگی ئەیلوول هێرشی کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحە؛ دەڵێت، ئەو هێرشانە ئاستەنگیان بۆ ئاگربەستەکە دروست کرد؛ هاوکات پێگەیەکی هەواڵی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە سبەی ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە و دووسبهییش جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیل دەکەن.
شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سبەی یەکشەممە بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززە و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ئیسرائیل و میسر دەکات. ئاماژەشی داوە، پێشبینی دەکرێت سەردانی غەززەش بکات.
بەگوێرەی ئەو پێگە ئەمەریکییە ترس لە جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززە و شکاندی ئەو ئاگربەستە هەیە، بۆیە ویتکۆف بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێ کردنی ڕێکار و خاڵەکانی ئەو ئاگربەستە دەچێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بۆ ههمان مهبهست دەچێتە ئیسرائیل.
هەروەها ستیڤ ویتکۆف، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی "سی بی ئێس"ـدا ڕایگەیاند، هەستی بە "خیانەت" کردووە کاتێک ئیسرائیل مانگی ڕابردوو هێرشێکی کردە سەر دانوستانکارانی حەماس لە قەتەر، چونکە لە کاتێکدا ئەو کاری لەسەر ئاگربەستی غەززە دەکرد، ئەو هێرشە ئەنجام دراوە؛ ئاشکراشی کرد، بەیانیی دوای هێرشەکەی 9ـی ئەیلوول لە دەوحە، بە ڕووداوەکەی زانیوە.
ویتکۆف گوتیشی: هێرشەکە کاریگەرییەکی خراپی هەبوو، چونکە قەتەرییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە دانوستانەکان هەبوو، بەڵام ئێمە متمانەی قەتەرییەکانمان لەدەست دا و حەماسیش لە دانوستانەکان پاشەکشهی کرد.
دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئاگربەستی غەززە لەلایەن هەر یەکە لە ئەمەریکا، قەتەر، تورکیا میسر، لە شرم شێخ واژۆ کرا و سەرۆکی ئەمەریکا دوای واژۆکردنەکە گوتی؛ قۆناغی دواتر بونیاتنانەوەی کەرتی غەززەیە و ئیتر جەنگی سێیەمی جیهانیی ڕوو نادات.
لەم مانگەدا بنیامین ناتانیاهۆ لە سەردانێکیدا بۆ کۆشکی سپی لە ژێر فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانی قەتەرەوە کرد و داوای لێبووردنی لە هێرشەکەی دەوحە کرد.
ڕۆژی سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل بە هەماهەنگیی دەزگای ئاسایشی ناوخۆ (شاباک)، هێرشی ئاسمانی کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، کە تێیدا شاندی دانوستانکاری حەماسی کردە ئامانج.
ئەم هێرشانەی ئیسرائیل کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە، تەنانەت ئەمەریکا هێرشەکانی بە قبووڵنەکراو ناو برد و دۆناڵد ترەمپ، خۆی لە هێرشەکان بێبەری کرد و گوتی: "ناتانیاهۆ بڕیاری ئەو هێرشانەی داوە، نەوەک من."