سبەی ڕێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقوڵی دەکرێتەوە

سبەی یەکشەممە 19ـی تشرینی 2025، ڕێگەی بەنداوی گۆمەسپان-سماقوڵی کە بەدرێژی 24 کیلۆمەتر، هەولێر بە سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین دەبەستێتەوە، بەستانداردێکی جیهانیی دروست کراوە، دەکرێتەوە.
ڕێگاکە کە بە دەوری بەنداوی گۆمەسپان لەنێوان چیایەک و بەنداوێک دروست کراوە، چوارڕییانی گۆمەسپان بە ڕێگەی سماقوڵی دەبەستێتەوە. ئهم ڕێگایه دوای ساڵێک لە دانانی بەردی بناغەی لە 15ـی تشرینی یەکەمی 2024، سبەی به فهرمی دەکرێتەوە.
زیاتر لە 600 ئامێر و دوو هەزار دەستیکار، بە هەردوو شەفتی شەو و ڕۆژ، هێمن گرووپ کاری لە پرۆژەکە کردووە و لە ماوەی ساڵێکدا کارەکانی تەواو کردووە. پرۆژەکە کاریگەریی لەسەر بواری گەشتیاری و ئابووری و بازرگانیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەبێت، ڕێگا کۆنەکەش بەشێکی کەوتووەتە ژێر ئاوی بەنداوەکە، بەشێکی دیکەشی لەگەڵ پڕبوونی بەنداوەکە، ئەویش دەکەوێتە ژێر ئاو.
ڕێگای بەنداوی گۆمەسپان-سماقوڵی 24 کیلۆمەتری دووسایدە، زیاتر لە 10 ملیۆن مەتر سێجا، کاری بڕین و پڕکردنەوە لە شوێنە زۆر سەختەکان ئەنجام دراوە، شەش ژێر پرد و سێ بەرزە پرد و 70 ئاوبەری سندووقی لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکانی ڕێگا وەکوو دیواری پاڵپشت و پەرژین و هێماکانی هاتوچۆ و هێڵکاری ڕێگا لەخۆ دەگرێت.
پرۆژەی ڕێگای بەنداوی گۆمەسپان-سماقوڵی، بە 210 ملیار دینار، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک پرۆژەیەکی ستراتیژیی بواری ڕێگەوبان لە هەرێمی کوردستان و بەستنەوەی شار و ناوچەکان بە یەکتر، جێبەجێ کراوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی ڕێگاوبان، زیاتر لە 700 پرۆژەی ستراتیژیی ڕێگاوبانی لەنێوان شار و گوند و پارێزگاکان دروست کردووە.