زاوێتە، بۆ ڕێگریی لە سووتانی دارستانەکان ئاگربڕ دروست دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوان لە پارێزگای دهۆک، بۆ ڕێگریی لە سووتانی دارستانەکانی زاوێتە، ئاگربڕ دروست دەکات.

کاوە سەبری، بەڕێوەبەری گشتیی دارستان و پاوانی پارێزگای دهۆک، بە چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پێشتر، لەئەنجامی کەمتەرخەمی و نەبوونی هۆشیاری، ئاگر لەم دارستانە کەوتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 900 دۆنم ڕووبەری دارستانەکە سووتا. هەندێک لەو دارانەی لەو کارەساتەدا سووتان، تەمەنیان نزیکەی 200 ساڵ دەبوو."

بەڕێوەبەری گشتیی دارستان و پاوانی پارێزگای دهۆک، گوتیشی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی زۆری بە پاراستنی ژینگە و دارستانەکان داوە؛ ئێستاش بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێم و ڕێکخراوێکی هۆڵەندی، بۆ ڕێگری لە تەشەنەسەندنی ئاگرکەوتنەوە و کۆنترۆڵکردنی لە زووترین کاتدا، لە دارستانی زاوێتە، ئاگربڕ دروست دەکەین.

کاوە سەبری، هەروا گوتی: لە پلانماندایە، بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی دارستانەکان لە پاکڕاگرتنی ژینگە و دابینکردنی ئۆکسجین، لە قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆکاندا، سیمینار و کۆڕ ڕێکبخەین. هەروا بە داوا لە مامۆستایانی ئاینیی دەکەین، لە گوتاری هەینیدا باسی گرنگی دارستانەکان و پاراستنیان بکەن. 

ئاگرکەوتنەوە لە دارستانی زاوێتە، نەک تەنیا بووە هۆی سووتانی ڕووبەرێکی گەورەی دارستانەکە، بەڵکوو ژمارەیەکی بەرچاو لە ئاژەڵە کێوییەکانیش سووتان.

بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی دهۆک، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لە دارستانەکاندا ئاگر نەکەنەوە و ژینگە و سروشتی ناوچەکە بپارێزن.

 
 
Fly Erbil Advertisment