ئێران کەسێکی بە تاوانی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دا

سەرۆکی دادگای گشتی و سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری پارێزگای قوم لە ئێران ڕایگەیاند، دوای پەسندکردنی سزای لەسێدارەدان بە تاوانی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، لە زیندانی قوم، سزاکەیان بەسەر سیخۆڕێکدا جێبەجێ کردووە.
کازم مووسەوی، سەرۆکی دادگای گشتی و سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری پارێزگای قوم لە ئێران قسەی بۆ ماڵپەڕی میزان، میدیای فەرمی دەسەڵاتی دادوەری ئێران کردووە و ئاشکرای کردووە، سزای لەسێدارەدانەکە بەرەبەیانی دوێنێ شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025 جێبەجێ کراوە و بڕیاری سەپاندنی سزاکەش بە گوێرەی ماددەی 6 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی ئیسرائیل و هەوڵەکانی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بووە.
مووسەوی هەرچەندە ناوی لەسێدارەدراوەکەی ئاشکرا نەکردووە، تەنیا ئاماژەی داوە تاوانبارەکە لە ئەیلوولی 2023 پەیوەندیی سیخوڕی بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلەوە کردووە، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2024 دەستگیر کراوە و دانی بە تاوانەکەی ناوە، کە زانیاریی هەواڵگری بە ئەفسەرێکی مۆساد داوە.
لەسێدارەدانی کەسێک بە تاوانی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە ئێران لە کاتێکدایە، کە ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە تازەترین ڕاپۆرتیدا، ڕەخنەی لە حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەری ئێران گرتووە، کە لە نۆ مانگی ئەمساڵدا، بەراورد بە 15 ساڵی ڕابردوودا، بەرزترین ئاماری لەسێدارەدانی تێدا تۆمار کردووە و سەپاندنی سزاکانیش تەنیا پاساوێکە بەناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی.
لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، تا ئێستا ئەمە نۆیەم کەسە بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دراون.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی کە بە ئەمنیستی ناسراوە، داوای لە وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، فشارەکانیان بۆ سەر بەرپرسان و دەسەڵاتی ئێران چڕ بکەنەوە، بۆ ئەوەی دەستبەجێ لە سێدارەدان ڕابگرن.