هەناردەی نەوتی کوردستان 200 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی تێپەڕاند

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، گەیشتووەتە نزیکەی 205 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و تا ئێستا چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەبازاڕکراوە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی کوردستان24 کەوتووە، ئێستا لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 200 بۆ 205 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆری هەناردەی بەندەری جەیهان کراوە و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی، بەرهەمەکە بەبازاڕ دەکرێت.
لەوەتەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستی پێکردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە بەندەرەکە بە بازاڕکراوە و داهاتەکەشی ڕاستەوخۆ بۆ حکوومەتی فیدراڵ گەڕاوەتەوە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، سەرەڕای ڕێککەوتنی سێقۆڵی، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ تاوەکوو ئێستا پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبووە و شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی نەداوە و بڕیارە دوای هەڵبژاردن خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، گەڕێکی دیکە گفتوگۆی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە دەست پێ بکاتەوە.
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ و شەش مانگ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و نوێنەری کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت، ڕێککەوتنی سێقۆڵیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کرد و لە کاتژمێر حەوتی بەرەبەیانیی شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری نەوتی کەرکووک - جەیهان دەستیپێکردەوە و سەرەتاش 190 هەزار بەرمیل هەناردە کرا.