ترەمپ سوکایەتی بە خۆپیشاندەران دەکات

توێژەرێک هۆشداری دەدات لە "مەترسیی ڕاستەقینە" لەسەر دامەزراوەکانی ئەمەریکا و پلانی ترەمپ بۆ مانەوە لە دەسەڵات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە بە زیرەکیی دەستکرد دەستکاری کرابوو. لە ڤیدیۆکەدا، ترەمپ بە تاجێکی پاشایانەوە دەردەکەوێت و فڕۆکەیەکی جەنگی لێدەخوڕێت و پیسایی بەسەر کۆمەڵێک خۆپیشاندەردا دەبارێنێت. ئەم کارە شەپۆلێکی گەورەی تووڕەیی لەنێوخۆی ئەمەریکادا لێکەوتەوە و جارێکی دیکە مشتومڕی لەسەر سنووری گاڵتەجاڕیی سیاسی دروست کرد.
خۆپیشاندانەکان لە وەڵامی ئەو سیاسەتانەدا بوون کە ناڕازییان بە "زیادبوونی تاکڕەوی" لە ئیدارەی ترەمپدا ناویان دەبرد، و بوونە تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ پەیوەندیی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و شەقامی ناوخۆیی.
ئیهاب عەباس، نووسەر و توێژەری سیاسی، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکدا ڕایگەیاند، وەڵامەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لە شێوەی "گاڵتەجاڕییەکی زۆر توند"دا بوو، بەڵام تەنیا نوکتەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو مانای سیاسیی قووڵی لەخۆگرتووە.
عەباس ڕوونی کردەوە: "ترەمپ هەمیشە دەرچەیەک بۆ هەموو ڕەفتارێکی دەدۆزێتەوە،" و گوتیشی: پێدەچێت سەرۆک دواتر پاساو بۆ ڤیدیۆکە بهێنێتەوە و بڵێت "ئەوەی لە فڕۆکەکەوە فڕێدرا، پڕ بوو لە خواردن و پڕۆتین."
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ هەمیشە پاساو بۆ کارەکانی دەهێنێتەوە و زۆرجار لۆمە دەخاتە سەر ئەوانی دیکە یان ڕەفتارەکانی بە بەرگێکی گاڵتەئامێز دادەپۆشێت. بە بڕوای ئەو، ئەم کارەی سەرۆک و جێگرەکەی، جەی دی ڤانس، لەگەڵ لایەنگرە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی، بەشێکە لە هەڵمەتێکی ڕێکخراو بۆ سوکایەتیکردن بە نەیارەکانیان.
عەباس باسی لە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی نوێ کرد بە ناوی "فیفتی فیفتی وەن" (Fifty Fifty One)، کە لە 14ـی حوزەیرانی ڕابردوودا یەکەم چالاکیی ئەنجامدا و دواتر لە 18ـی تشرینی یەکەمدا دووبارەی کردەوە، بە شێوەیەک کە هەموو شارەکانی ئەمەریکای بەبێ جیاوازی گرتەوە.
ئەو ڕوونیکردەوە کە خۆپیشاندانەکان "زۆر بەرفراوان بوون، تەنانەت گەیشتنە نزیک ماڵەکانیشمان،" و ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی بەشداربووان گەیشتە نزیکەی نۆ ملیۆن هاووڵاتیی ئەمەریکی، کە ژمارەیەکی زەبەلاحە و قووڵایی تووڕەیی جەماوەری بەرامبەر بە سیاسەتە ئابووری و سیاسییەکانی ترەمپ نیشان دەدات.
ئەم بەشدارییە بەرفراوانە وای لە سەرۆک کرد بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش وەڵام بداتەوە و تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد بۆ گاڵتەکردن بە نەیارەکانی بەکاربهێنێت، دیمەنێکە لە سیاسەتی ئەمەریکادا کەم وێنەیە.
توێژەرە سیاسییەکە هۆشداریی دا لەوەی ئەم بابەتە تەنیا ناکۆکییەکی سیاسیی ئاسایی نییە. ئاماژەی بە لێدوانێکی پێشووی ستیڤ بانن، یەکێک لە ستراتیژیستە دیارەکانی هەڵمەتی پێشووی ترەمپ کرد، نیازی شاراوەی ترەمپی بۆ مانەوە لە دەسەڵات بۆ خولی سێیەم ئاشکرا کردبوو.
عەباس گوتی: "بانن بە ڕاشکاوی باسی لەوە کردووە، ترەمپ دەتوانێت ببێتەوە بە سەرۆک بۆ خولی سێیەم، و هەندێک کەسیش خەریکی داڕشتنی پلانن بۆ بەدیهێنانی ئەمە، سەرەڕای بوونی کۆتوبەندی توندی دەستووری."
هەروەها هۆشداریی دا لەوەی ترەمپ و هاوپەیمانە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی لەوانەیە هەوڵبدەن دامەزراوەکانی ئەمەریکا "پەکبخەن" یان ماددە دەستوورییەکان بگۆڕن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی حوکمڕانی. گوتیشی: ئەم ئاراستەیە "مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر هاوسەنگیی دامەزراوەیی لە ئەمەریکا دروست دەکات."
عەباس ئاماژەی بە سیناریۆی دیکەش کرد، لەوانەیە ترەمپ پەنای بۆ ببات تا لە گۆڕەپانی سیاسییدا بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر دەستوور ڕێگەی پێنەدات، لەوانە:
1. حوکمڕانی لە پشتی پەردەوە: پشتگیری لە پاڵێوراوێکی نزیک لە خۆی بکات، وەک جێگرەکەی جەی دی ڤانس، و دوای سەرکەوتنی، خۆی لە پشتی پەردەوە وڵات بەڕێوە ببات.
2. گەڕانەوەی ناڕاستەوخۆ: خۆی وەک جێگری سەرۆک بگەڕێتەوە، و دواتر سەرۆکی هەڵبژێردراو بە بیانووی تەندروستیی یان سیاسی دەست لەکاربکێشێتەوە، تا ترەمپ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات.
ئاماژەی بەوەشدا ئەم سیناریۆیانە، سەرەڕای سەیروسەمەرەییان، ڕەنگدانەوەی "بیرکردنەوەیەکی ستراتیژیی قووڵن لەلایەن ترەمپ و تیمەکەیەوە" لەسەر بنەمای گێڕانەوەی دەسەڵات دامەزراوە، تەنانەت ئەگەر ناچار بن نەریتە سیاسییەکانی ئەمەریکاش تێپەڕێنن.