ئێران نرخی بەنزین گران دەکات

حکوومەتی  کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرنامەیدایە، لە داهاتوویەکی نزیکدا، بە ناوی ڕێکخستەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی و بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئابووریی وڵات، نرخی بەنزین چەند هێندە زیاد بکات.

ڕۆژنامەی (هەفت سوبح) لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی " گرانکردنی نرخی بەنزین بابەتێکی یەکلاکراوەیە و ئەگەری هەیە بەگوێرەی پلانی داڕێژراو، نرخی یەک لیتر بەنزینی حکوومی، واتە بە نرخی پاڵشتیکراو لە هەزار و 500 تومەنەوە بۆ پێنج هەزار تومەن و یەک لیتر بەنزینی ئازاد (بازرگانی) لە سێ هەزارەوە بۆ 10 هەزار تومەن زیاد بکرێت.

بە گوتەی شارەزایانی ئابووری کە قسەیان بۆ ڕۆژنامە ئێرانییەکە کردووە، گرانکردنی نرخی بەنزین، بەبێ ئامادەکاریی کۆمەڵایەتی و ژێرخانی، لەوانەیە شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی سەرتاسەری و فشاری ئابووری بە دوای خۆیدا بێنێت؛ هەر بۆیە، حکوومەت جەختی کردۆتەوە جێبەجێکردنی بڕیارەکە هەنگاو بە هەنگاو دەبێت و نابێتە گرفتێکی گەورەی ئابووری.

هەفت سوبح، نووسیویەتی، پلانی نوێی حکوومەت بۆ چاکسازیی نایەکسانیی نرخی بەنزین، لە ڕواڵەتدا بەرنامەیەکی گشتگیر و پلەبەندییە، بەڵام لە کرداردا، مەبەستی سەرەکیی چاکسازیی نرخی وزەیە.

بە لەبەرچاوگرتنی فشارە ئابوورییەکان، زۆری بەکارهێنەران و ناکارامەیی پێکهاتەی ئێستای هاوکارییە حکوومییەکان، بەرزکردنەوەی نرخی لیترێک بەنزین بۆ پێنج یان 10 هەزار تومەن، نەک هەر ئەگەرێکی بەهێزە، بەڵکو پێویستیشە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکەوتنی ئەم چاکسازییە، بەندە بە جێبەجێکردنی تەواوی هەنگاوە سەرەتاییەکان وەک پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و شەفافیەت لە دارشتنی سیاسەتی نرخدا. ئەگەرنا، چاکسازیی نرخ لە جیاتی چارەسەرکردنی قەیران، خۆی دەبێتە قەیرانێکی نوێ.

بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، کاریگەریی بەرفراوانی لەسەر تێچووی پیشەکان، نرخی کاڵاکان و ڕێژەی هەڵاوسان دەبێت. ئەم چاکسازییە لە نرخدا، هەرچەندە بە ئامانجی کەمکردنەوەی نابەرانبەریی دارایی حکوومەت و کۆنترۆڵکردنی بەکاربردنی سووتەمەنی داڕێژراوە، بەڵام بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کاریگەری لەسەر زنجیرەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە، خزمەتگوزارییەکان و بژێوی خێزانەکان دادەنێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment