كڵۆپ پەیامێك بۆ محەمەد سەڵاح دەنێرێت

كڵۆپ: سەڵاح ئەگەر لە پێكهاتەی سەرەكی یاری نەكات كێشە دروست دەكات

یۆرگن كڵۆپ راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول و محەمەد سەڵاح یاریزانی ئێستای لیڤەرپوول
یۆرگن كڵۆپ راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول و محەمەد سەڵاح یاریزانی ئێستای لیڤەرپوول

 


محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول لە دوایین 3 یاریی یانەكەی لە پرێمەرلیگ لەسەر كورسی یەدەك دانراوە، لە دوایین یارییش لە چامپیۆنزلیگ لیڤەرپوول بەبێ سەڵاح بە گۆڵێكی بێوەڵام شكستی بە ئینتەر میلان هێنا.
محەمەد سەڵاح لەوەتەی 2017ـەوە یاریی بۆ لیڤەرپوول دەكات یەكەمجارە بكەوێتە ئەو دۆخە، بەوپێیەی پێشتر تەنیا بەهۆی پێكان یان پشوودان یان بە هۆكاری یاریكردنی بۆ هەڵبژاردەی میسر لە جامی نەتەوەكانی ئەفریقیا لە لیڤەرپوول دابڕاوە، بەڵام ئێستا بەبیانووی دابەزینی ئاستی لەسەر كورسی یەدەكی لیڤەرپوول دانراوە.
محەمەد سەڵاح لە لێدوانێكدا ئاماژەی بە ئەگەری رۆیشتنی لە یانەی لیڤەرپوول كرد و پێشبینی ئەوەی كردووە یارییەكەی لیڤەرپوول بەرامبەر برایتن دوایین یاریی ئەو یاریزانە دەبێت و لە ئانفیڵد ماڵئاوایی لە هاندەرانی لیڤەرپوول دەكات و پەیوەندی بە هەڵبژاردەی میسر دەكات بۆ جامی نەتەوەكانی ئەفریقیای 2025، بەڵام ناگەڕێتەوە لیڤەرپوول.
یۆرگن كلۆپ، راهێنەری ئەڵمانی كە پێشتر ماوەی شەش ساڵ راهێنەرایەتی بە ئەستێرە میسرییەكە كردووە و دەڵێت: سەڵاح یەكێكە لە باشترین ئەو یاریزانانەی زۆر پابەندە و زۆر بەجۆش و خرۆشەوە ئامادەی مەشق و راهێنانەكان دەبێت، بەیەكەوە خەونی بردنەوەی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگمان.
كڵۆپ دەشڵێت: سەڵاح كاتێك لە پشووەكان دەگەڕایەوە لە مەشقەكان بەشێوەیەك دەردەكەوێت وەكو ئەوە وابوو هەموو كاتەكانی بە مەشق و راهێنان تێپەڕ كرد بێت، لەگەڵ ئەو یاریزانە یەكێك لە باشترین سەردەمەكانمان تێپەڕ كرد و كاركردنیش لەگەڵ ئەو یاریزانە قورس نییە، بەڵام كاتێك لە یاریگە دەیهێنیتە دەرەوە دەبێتە كێشە لەگەڵی. 
محەمەد سەڵاحی تەمەن 33 ساڵ، لە مانگی تەمموزی ساڵی 2017 لە یانەی ڕۆمای ئیتاڵییەوە بۆ لیڤەرپوول گواسترایەوە، سەڵاح لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ لیڤەرپوول چەندین ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە کە لە مێژووی یانەکە و پریمەرلیگدا ئەستەمە بشکێنرێت. ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە بردنەوەی نازناوە زۆرەکانی تیپەکەدا، دیارترینیان نازناوی وەرزی ڕابردووی پرێمەرلیگ بوو، بەشداری کردووە لە 47 گۆڵ (29 گۆڵ و 18 ئەسیست) كردووە.
سه‌ڵاح هێشتا یاریزانی لیڤه‌رپووله‌ و گرێبه‌سته‌كه‌شی له‌ هاوینی 2027 كۆتایی دێت، بە گەشتی لەگەڵ لیڤەرپوول به‌شداریی 420 یاریی كردووه‌ و 250 گۆڵ و 116 ئه‌سیستی كردووه‌ و به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌فسانه‌ گه‌وره‌كانی مێژووی لیڤه‌رپوول و پرێمه‌رلیگ داده‌نرێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل