لە کەرکووک بەهۆی پاک نەکردنەوەی مەنهۆڵەکان ئاو کۆ بووەتەوە

لە کەرکووک بە نیو کاتژمێر باران بارین، ئاو لە شەقامەکان کۆ بووەتەوە و هۆکارەکەشی پاک نەکردنەوەی مەنهۆڵەکان بووە و خەڵکیش داوا لە بەرپرسان دەکەن بە هانایانەوە بچن.

سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کەرکووک تەنیا نیو کاتژمێر بۆ 45 خولەک باران باری، بەڵام بەهۆی کارکردن لە بەشێک لە شەقامەکان و پاک نەکردنەوەی مەنهۆڵەکان، ئاو کۆ بووەتەوە و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروست کردووە و ئاو چووەتە ناو بەشێک لە ماڵەکان.

ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لە هاووڵاتییانی کەرکووک پەنگیان خواردووە و بەشێک بەهۆی کۆبوونەوەی ئاوەوە لەکارکەوتوون؛ هاوکات هاووڵاتییانی کەرکووک لەڕێگەی کوردستان24ەوە داوا لە بەرپرسانی شارەکە و تیمەکانی ئاو و ئاوەڕۆ دەکەن بە هانایانەوە بچن و ڕزگاریان بکەن.

دوو ڕۆژە شەپۆلێکی بەهێز و چڕی بارانبارین زۆربەی پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە هەندێک ناوچەدا بەهۆی زۆریی بڕی بارانەوە لافاو دروست بووە و زیانی گیانی و ماددیی لێ کەوتووەتەوە

ڕووداوەکان تەنیا بە زیانی ماددی کۆتاییان نەهات، بە پێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی و لایەنە تەندروستییەکان، لە چەند ناوچەیەکی جیاواز بەهۆی لافاوەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە تەرمی قوربانییەکان دەربهێننەوە و بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەکان بکەن.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس و شارەوانییەکان لە سەرجەم شارەکاندا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لە زۆر شوێن توانیویانە ئەو هاووڵاتییانە ڕزگار بکەن کە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان یان ماڵەکانیاندا گیریان خواردبوو.

 
 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل