مەغریب، لە ئەنجامی ڕووخانی دوو باڵەخانەدا 22 کەس گیانیان لەدەست دا

دیمەنێکی گشتیی شاری فاس. وێنە: ڕۆیتەرز
دیمەنێکی گشتیی شاری فاس. وێنە: ڕۆیتەرز

لە ئەنجامی ڕووخانی دوو باڵەخانە لە شاری فاس، یەکێک لە کۆنترین شارەکانی ئەو وڵاتە، لانیکەم 22 کەس گیانیان لەدەست دا و 16 کەسی دیکەش بریندار بوونە.

چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری داواکاریی گشتیی مەغریب، بڵاوی کردەوە، شەوی ڕابردوو، دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی مەسیرە، لە شاری مێژوویی فاس ڕووخاون. یەکێک لە باڵەخانەکان چۆڵ بووە و بەڵام لە باڵەخانەکەی دیکەدا ئاهەنگێکی زەماوەند ساز دەکرا.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی داواکاری گشتیی مەغریب، ژمارەی قوربانییەکان لەوەی تا ئێستا ڕاگەیەنراوە، زیاترە و پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە هۆ و چۆنییەتی ڕووداوەکە.

یوونس عەلمی، ڕۆژنامەنووس و شایەتحاڵی ڕووداوەکە، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوت: باڵەخانە ڕووخاوەکان چوار نهۆم بوون و لە کاتی ڕووداوەکەدا لە یەکێکیاندا ئاهەنگێکی زەماوەند بەڕێوە دەچوو. 
بە گوتەی یوونس، ئەو دووباڵەخانەیە مۆڵەتی دوو نهۆمیان درابوویە و بەڵام ساڵی 2012 بە نایاسایی نهۆمێک و ساڵی 2018 هەر بە هەمان شێوە، نهۆمی چوارەمیان بۆیان زیاد کرد!

بەیانیی ئەمڕۆ، تەلەڤزیۆنی دەوڵەتیی مەغریب، دیمەنی باڵەخانە ڕووخاوەکانی نیشان دا، لە کاتێکدا تیمەکانی فریاکەوتن و هاووڵاتییان بە دوای قوربانییەکاندا دەگەڕان. 

دانیشتووانی گەڕەکەکە دەڵێن: ئەو دوو باڵەخانەیە یەکجار کۆن و دیوارەکانی درزیان بردبوو، لە ڕاستیدا زۆربەی خانوو و باڵەخانەکانی گەڕەکەکەمان کۆنن و مەترسی ڕووخانیان هەیە.

یەکێک لەوانەی لە کارەساتەکەدا ڕزگاری بووە، دەڵێت: پێشتر هەستم بە لەرزینی باڵەخانەکە کرد و توانیم پێش ڕووخانی، خۆم ڕزگار بکەم. بەڵام  ژنەکەم و سێ منداڵەکەم، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە دراوسێ و هاوڕێکانم تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

قەیرانی هەژاری و بێکاری، ماوەیەکی زۆر لە مەغریب سەری هەڵداوە و مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، گەنجانی تووڕەی ئەو وڵاتە بەرانبەر بە باری خراپی ئابووری و نەبوونی هەلیکار دەستیان بە ناڕەزایی و خۆپیشاندان کرد و لە لایەن پۆلیس و  هێزە ئەمنییەکانەوە سەرکوت کران.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل