بەسرە ئەو شارەی لەسەر زێڕی ڕەشە، نوقمی قەیرانی ئاو بووە
ئاوی پیسبوو سەدان حاڵەتی نەخۆشیی پێست و ژەهراویبوونی لێکەوتووەتەوە و دانیشتووان ناچارن ئاوی خواردنەوە بکڕن.
شاری بەسرە، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین شارەکانی عێراق بە نەوت (زێڕی ڕەش)، ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندی کەمئاوی و پیسبوونی ئاو بووەتەوە. ئەو ئاوەی مانگی دوو بۆ سێ جار بەردەدرێتەوە، ئەوەندە پیس و سوێرە کە تەنانەت بۆ ڕووەک و ئاژەڵیش شیاوی بەکارهێنان نییە، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی سەدان حاڵەتی نەخۆشیی پێست و ژەهراویبوون لەنێو هاووڵاتییاندا.
دۆخی سەختی ژیان وای لە خەڵکی بەسرە کردووە، بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە پەنا بۆ کڕینی ئاو بە تانکەر بەرن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری ئابووریی بۆ دروست کردوون.
عەباس عەبدوڵڵا، یەکێک لە هاووڵاتییان، دەڵێت: "ئاومان زۆر خراپە. ماوەی چوار مانگە ئاوی پاکمان بۆ نەهاتووە. ناچارین بە تانکەر ئاو بکڕین کە نرخەکەی لەنێوان 15 بۆ 20 هەزار دیناردایە. ئەو ئاوەی پێمان دەدرێت سوێرە و بە هیچ شێوەیەک بۆ خواردنەوە ناشێت. لە ماوەی چوار مانگدا تەنیا یەک جار، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر، ئاوی پاکمان بۆ بەربووەوە."
عەبدولموتەڵیب عۆدە عەلی، هاووڵاتییەکی دیکەیە و دەڵێت: "لە پێش مانگی موحەڕەمەوە ئاوی پاکمان بۆ نەهاتووە. ئەو ئاوەی دێت سوێرە، جارێکیان خواردمەوە و تووشی نەخۆشیم کردی. یان دەبێت ئاو بکڕین یان خەڵک بە خێر پێمان بدات. تەنانەت بێئاوی کێشەی لەنێوان دراوسێکانیشدا دروست کردووە."
ڕێژەی پیسبوون و ژەهراویبوون لە ئاوی بەسڕەدا ئەوەندە بەرزە شارەزایان بە شیاوی بەکارهێنانی بۆ ئاژەڵ و کشتوکاڵیشی نازانن. ئەم دۆخە وێنەی دووبارەبوونەوەی کارەساتێکی گەورەیە کە لە ساڵی 2018دا ڕوویدا.
لەو ساڵەدا، بە خراپترین ساڵی وشکەساڵی لە پارێزگاکەدا تۆمار کرا، بەهۆی بەرزیی ڕێژەی پیسبوونی ئاوەوە 150 هەزار کەس تووشی ژەهراویبوون هاتن. ئێستا پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ژمارەی قوربانییەکان زیاتر بێت.