حەمە هاشم ئازارە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتە بەرهەمی هونەری

یادەوەرییەکانی بەرد

لە هۆڵی گەلەری میدیا لە شاری هەولێر، 17مین پێشانگای تایبەتیی هونەرمەند حەمە هاشم، بە ناونیشانی "یادەوەرییەکانی بەرد" کرایەوە. هونەرمەند لەم پێشانگایەدا، بەردی وەک هێمایەک بۆ کێشە قووڵەکانی کۆمەڵگا و ئەو ئازارانەی بەرۆکی تاکیان گرتووە، بەکارهێناوە. هەروەها پێشانگاکە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.ل

حەمە هاشم، هونەرمەندی شێوەکار، سەبارەت بە فەلسەفەی کارەکانی دەڵێت: "لە یادەوەرییەکانماندا شوێنی تۆخ هەیە؛ هەموومان بەرکەوتەمان لەگەڵ بەرددا هەیە. ئەم پێشانگایەم تەرخان کردووە بۆ ئەو گۆڕستانە بێناونیشانانە، بەتایبەتی گۆڕی ئەو ئافرەت و کچانەی کە لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە ناوی شەرەفەوە دەکوژرێن."

هونەرمەند ئاماژە بەوە دەکات "جاران لەسەر نامەیەکی خۆشەویستی، کچێکی جوان دەکوژرا و تەنیا بەردێک دەبێتە ناونیشانی گۆڕەکەی."

ڕەهەندێکی دیکەی کارەکانی حەمە هاشم، تیشک خستنە سەر ئازاری چینی کرێکارە. ئەو نموونەی کرێکارێک دێنێتەوە کە لەپێناو دابینکردنی بژێویی ژیانیدا، بە قورسی کاردەکات و لەکۆتاییدا لە باڵەخانەیەکی بەرز دەکەوێتە خوارەوە و گیان لەدەست دەدات.

بە گشتیی، حەمە هاشم لەم پێشانگایەدا هونەری خستووەتە خزمەتی نیشاندانی ئەو ئازار و نەریتە کولتووریانەی کە بوونەتە "بەردی ڕێ" لەبەردەم تاکەکانی کۆمەڵگادا.

 
 
Fly Erbil Advertisment