سێیەمین فێستیڤاڵی شانۆیی زێویە لە سەقز بەڕێوە چوو
سێیەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئایینی و نەریتە شانۆییەکانی زێویە، لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای چوار ڕۆژ چالاکی کۆتایی بە کارەکانی هێنا و هونەرمەندانی هەڵبژاردە لە بەشەکانی دەرهێنان، نواندن، شانۆنامە، مۆسیقا، بروشور، جلوبەرگ و دیزاینی شانۆ خەڵات کران.
ئەمیر زارعزادە ، بەڕێوەبەری فێستیڤال، بە کوردستان24ـی گوت: ئەم فێستیڤاڵە، لە دڵی خەڵکدا جێی خۆی کردووەتەوە و ئەمەش مایەی شانازیی ئێمەیە و خۆشحاڵین لە ڕێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە بتوانین خزمەتی هونەر و زمان و داب و نەریتی کوردەواریمان بکەین.
سیما کەلانتەری، ئەکتەری دانیشتووی پیرانشار، گوتی: ئێمە گرووپێکی گەنجانی پیرانشارین و بۆ یەکەم جارە بەشداری ئەم فێستیڤاڵە دەکەین. بە ڕاستی زۆر بەلامانەوە سەرنجڕاکێش و جوان بوو. زۆر شتی لێوە فێر بووین بە تایبەتی لە بەشەکانی فەرهەنگی میللیی کوردەوارەیدا.
هونەرمەندانی خاوەن ئەزموونی بواری شانۆ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک داوەری فێستیڤالەکە دەستنیشان کرابوون. گرووپێکی شانۆ کە لە شاری چەمچەماڵی باشووری کوردستانەوە بەشدار بوون، توانیان چوار خەڵاتی فێستیڤالەکە ببەنەوە.
نەژاد نەجم، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی کەرکووک، بە کوردستان 24ـی گوت: لیژنەکان بە پسپۆڕییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ شانۆگەرییەکان کرد و خەڵاتەکانیان بەسەریاندا دابەش کرد.
103 بەرهەمی شانۆیی بۆ ئەم فێستیڤاڵە بەڕێ کرابوون کە لە ئەنجامدا لەسەر بڕیاری لێژنەی ئامادەکار، 23 شانۆنامە توانیان بگەنە فێستیڤاڵەکە. 16 شانۆنامە لە بەشی نەریتە نمایشییەکان و 7 شانۆنامەش لە بەشی شانۆی سەر شەقامدا لە ناو شاری سەقز و چەند شارۆچکە و گوندێکی سەر بەم شارە نمایش کران.
ئیدریس شەوکەت، شانۆکار، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: نمایشەکەی ئێمە بەرهەمی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەریی چەمچەماڵ و ناوەندی هونەری و کولتووری چەمچەماڵ بوو، خۆشبەختانە توانیمان چوار خەڵاتی فێستیڤاڵەکە ببینەوە. ئێمە خەڵاتەکان پێشکەش بە ڕۆحی پاکی هەموو ئەو منداڵانە دەکەین کە لە کارەساتەکانی ئەنفالدا بوونە قوربانی.