نەورۆز لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکشێتەوە؟
تاوەکو کەی دەتوانێت بەم دۆخە لە خولەکە بەردەوام بێت؟

ئەگەر کەس بە هانای یانەی نەورۆز نەچێت، ئەم یانەیە ناتوانێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوام بێت و لە خولەکە دەکشێتەوە.
یاریزانانی یانەی نەورۆز بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆکی یانەکەی گرتووە، دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و یانەکە لە رووی داراییەوە لە تەنگژەیەکی قووڵی دارایی دایە، ئەگەر هاوکاری یانەکە نەکرێت، ئەوا ئەستەمە نوێنەرەکەی سلێمانی بتوانێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوام بێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، نەورۆز 820 ملیۆن دینار پێشەکی گرێبەست و مووچەی یاریزانەکانی یانەکەی نەداوە کە دەبووایە سەرەتای مانگی رابردوو یاریزانەکانی یانەکە وەریانگرتبا، جگە لەوەی گەنجینەی یانەکە بەتاڵ بووە، خەریکە رۆژ لەدوای رۆژ خەرجی و قەرزی زیاتر لەسەر یانەکە کۆدەبێتەوە.
لە هەموو لایەکەوە دەست بە دروستکردنی کەمپەین بۆ کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی بۆ یانەی نەورۆز کراوە، وابڕیارە لە هەولێر رۆژی هەینی پێش یارییەکەیان بەرامبەر شوڕتە سندوقێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ یانەی زاخۆ رێکبخەن، لە سلێمانیش هاندەران کەمپەینێکیان بەناوی رۆژی وەفا رێکخستووە و هاوکاری بۆ یانەکەیان کۆدەکەنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 قەیرانی دارایی یانەی نەورۆز هێندە تاقەتپڕووکێنە، لەوانەیە یانەکە هەر لە توانایدا هەبێت یاریی بەرامبەر دهۆک و هەولێر بکات، ئەستەمە بتوانێت بەم دۆخە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوام بێت، کە رۆژی شەممە نەورۆز لە یاریگای خۆی لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق میوانداریی دهۆک دەکات، دواتر دەبێتە میوانی هەولێر و لە گەڕی حەفتەمیش وابڕیارە کۆتایی ئەم مانگە رووبەڕووی زەوڕا بێتەوە.
