لەسنووری پارێزگای هەولێر 26 یاریگا نۆژەندەکرێنەوە و یاریگایەکیش دروست دەکرێت

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، دوای ڕەزامەندی سەرۆک وەزیران، 26 یاریگا نۆژەندەکرێتەوە و یاریگایەکی 11 یاریزانیش لە هەریر دروست دەکرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە بەشێک لەیاریگاکانی سنووری پارێزگای هەولێر پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەبوو، بۆیە لە چوارچێوەی خزمەتکردنی توێژی لاوان، بەتایبەتی وەرزشکارانی شارەکەمان، بڕیاردرا چەند یاریگایەک نۆژەن بکرێنەوە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، دوای گەیاندنی داواکاریی وەرزشکاران بە سەرۆک وەزیران، بەسوپاسەوە ڕەزامەندی درا لە قۆناغی یەکەم 26 یاریگا لە سنووری پارێزگای هەولێر نۆژەن بکرێنەوە، هەروەها یاریگایەکی 11 یاریزانیش لە شارۆچکەی هەریر دروست دەکرێت.
گوتیشی: لە پێناو خێرا جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە ئەمڕۆ چوارشەممە، گڕیبەستمان لەگەڵ کۆمپانیایەک واژۆکرد، کە بە گوژمەی چوار ملیار و 700 ملیۆن دینار 26 یاریگا نۆژەندەکرێنەوە و یاریگایەکی 11 یاریزانیش دروست دەکرێت.
ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاند، لەنێو ئەو 26 یاریگایە 16 یاریگایان شەش یاریزانییە و 10 یاریگاش 11 یاریزانییە، ئومێد دەکەین تەوابوونی ئەم پرۆسەیە تەکانێکی دیکە بە وەرزشی شارەکەمان بدات، دەشڵێت: ئەو یاریگایانە لەخزمەتی تیپە میلییەکان دایە، چونکە تیپە میلییەکان بناغەی دروست بوونی یاریزانانە، کە لەئەنجامدا یانەکانی کوردستان دەتوانن سوود لە تواناکانیان وەرگرن.
دەشڵێت: کۆمپانیای جێبەجێکار لەزووترین کات دەست بە کارەکانی دەکات و پیرۆزباییش لەو وەرزشوانانە دەکەین کە داواکاریەکەیان هەبوو، بەناوی ئەوانیشەوە سوپاسی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی دەکەین کە لەناو ئەو دۆخە سەختەدا ڕەزامەندی لەپێناو خواستی گەنجان و لاوان دا.