شەقامە ناوخۆییەکانی تووڕەق قیرتاو دەکرێن

سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێت، لە گوندی تووڕەق، بەردی بناغەی پرۆژەی قیرتاو و کۆنکرێتکردنی چەند شەقامێکی ناوخۆیی دانرا کە پرۆژەیەکی گرنگیی ژێرخانییە و سەدان خێزان لێی سوودمەند دەبن.

سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌، 22ـی تشرینی یه‌كه‌می 2025، لە ژێر چاودێریی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕێورەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە بەڕێوە چوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بودجەی پرۆژەکە 152 ملیۆن و 600 هەزار دینارە و لەسەر داهاتی 15%ـی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر لە ماوەی تەنیا 40 ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆکایەتیی شارەوانی دەشڵێت: پرۆژەکە 20 هەزار مەتر دووجای ئامادەکاری و فەرشکردنی چینەکانی تێکەڵە بۆ شەقامەکان و  4500 مەتردووجا قیرتاو و کۆنکرێتکردن لەخۆ دەگرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕێوڕه‌سمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکەدا ڕایگەیاند، ئەم پرۆژەیە ئاسانکارییەکی زۆر پیشکەش بە دانیشتووانی گوندەکە دەکات و گرفتی هاتوچۆی سەدان خێزان چارەسەر دەکات.

تووڕەق گوندێكە لە ڕۆژئاوای شاری هەولێر، کە ئێستا وەك گەڕەكێكی لێهاتووە و تێكەڵی شار بووە و دەكەوێتە نزیك شەقامی 120 مەتری.

 
 
Fly Erbil Advertisment