ناتانیاهۆ: ئیسرائیل لە ناوچەی پارێزراو لە باشووری سووریا دەمێنێتەوە

بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ئیسرائیل بەنیازە "ناوچەی دابڕاو" (Buffer Zone) لە باشووری سووریا بپارێزێت بمێنێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (dpa) بڵاویکردەوە، ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کردووە، هیوادارە بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ داماڵینی چەک لە باشووری سووریا، بەڵام جەختی کردۆتەوە ئیسرائیل دەیەوێت لەو ناوچانەدا بوونی هەبێت و بمێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوودا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە میانی وتارێکدا لە دەوحە، ئیسرائیلی بە "هەناردەکردنی قەیرانەکان بۆ وڵاتانی دیکە و شەڕکردن لەگەڵ تارماییەکان" تۆمەتبار کرد. ئەم لێدوانەی شەرع وەک ئاماژەیەک بوو بۆ بۆردومان و هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری سووریا.

لە وتارەکەیدا داوای گەڕاندنەوەی "ڕێککەوتننامەی جیاکردنەوەی هێزەکان"ی ساڵی 1974ـی کردەوە، کە دوای جەنگی ئۆکتۆبەری 1973 لەنێوان ئیسرائیل و سووریا واژۆ کرابوو.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ناتانیاهۆ ڕایگەیاندبوو پێشبینی دەکات سووریا "ناوچەیەکی دابڕاوی بێچەک" لە دیمەشقەوە تا بەرزاییەکانی جۆلان (کە ئیسرائیل دەستی بەسەردا گرتووە) دابمەزرێنێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل