واشنتن چەک نوێ دەکاتەوە و مۆسکۆ هەڕەشە دەکات
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، لە میانی وتارێکیدا لە کالیفۆرنیا ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی "سیانەی ئەتۆمی" (Nuclear Triad) مۆدێرن دەکاتەوە. هێگسێت جەختی کردەوە: "ئیدارەی ئەمەریکا هەرگیز ڕێگە نادات وڵاتەکە ڕووبەڕووی باجخوازیی ئەتۆمی (Nuclear Blackmail) ببێتەوە."
هێگسێت گوتی: "وەک سەرۆک ترەمپ ڕایگەیاندووە، ئێمە سیانەی ئەتۆمییەکەمان نوێ دەکەینەوە و بژاردەی زیاتر پەرەپێدەدەین بۆ پاڵپشتیکردن لە چەمکی ڕێگریکردن و بەڕێوەبردنی پەرەسەندنەکان."
ئاماژەی بەوەش دا: "لە جیهانێکدا ڕووبەڕووی دوو زلهێزی گەورەی ئەتۆمیی دیکە دەبینەوە، ڕێگە نادەین نەتەوەکەمان بکەوێتە ژێر هەڕەشەی ئەتۆمییەوە. ئێمە چەکی ئەتۆمی و سیستەمی گەیاندنی ئەو چەکانە هاوشێوەی ئەوانی دیکە تاقی دەکەینەوە."
لەلایەکی دیکەوە، لە 19ـی ئەم مانگەدا ماتیۆ ویتاکر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ناتۆ دووپاتی کردەوە ئامانجی ئەمەریکا "فراوانکردنی توانا ئەتۆمییەکان" نییە، بەڵکو ئامانج لێی "مۆدێرنکردن"ـە و ئەم پڕۆسەیەشی بە "جەوهەری" وەسف کرد.
ویتاکر ڕوونیکردەوە واشنتن "چەترێکی ئەتۆمی" بۆ ئەورووپا دابین دەکات، بەڵام بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی یان هەر جۆرە پەرەسەندنێکی مەترسیدار لەم بوارەدا ڕەتدەکاتەوە.
پێشتر و لە 30ـی ئۆکتۆبەردا، ترەمپ ڕایگەیاندبوو فەرمانی بە پێنتاگۆن کردووە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دەستپێبکاتەوە، بەبێ ئەوەی ئیدارەی ئەمەریکا وردەکاری و سروشتی ئەو تاقیکردنەوانە ئاشکرا بکات کە پلانی بۆ داناون.
لەمبارەیەوە بەرپرسانی مۆسکۆ هۆشداری دەدەن. دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین ڕایگەیاند: "ئەگەر واشنتن بەکردەیی دەستبەرداری قەدەغەکردنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان بێت، ئەوا مۆسکۆ ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی گونجاو دەگرێتەبەر."
هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕوونتر کردەوە و ڕایگەیاند: "ئەگەر هەر هێزێکی دیکەی ئەتۆمی دەست بە تاقیکردنەوە بکاتەوە، ڕووسیاش دەست بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی خۆی دەکات."
