وردەکاریی کۆبوونەوە نهێنییەکەی نیویۆرک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە

پێگەی هەواڵی 'ئەکسیوس' ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئیسرائیل و قەتەر، لە نیویۆرک کۆبوونەوەیەکی نهێنیی سێقۆڵی دەکەن بۆ ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهینانی یەکجاریی شەڕی غەززە.

دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەم 2025، پێگەی هەواڵی 'ئەکسیوس' ڕایگەیاندووە "ئەو کۆبوونەوە سێقۆڵییە، پاش چەند مانگێک لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر نووسینگەیەکی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە دێت، کە تێیدا ژمارەیەک سەرکردەی ئەو بزووتنەوەیە کوژران و بریندار بوون؛ هێرشەکە بووە مایەی بێزاریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا."

لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەدا، نوێنەری ترەمپ، ستیڤ ویتکۆف، داڤید بەرنیع، سەرۆکی دەزگای مۆساد و بەرپرسێکی باڵای قەتەری بەشداریی دەکەن. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتنی هەر سێ لایەنەکەیە لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و ئیسرائیل.

ئەکسیوس، لە زاری دوو سەرچاوەوە بەبێ ئەوەی ناوەکانیان ئاشکرا بکات، نووسیویەتی "قەتەر ڕۆڵیکی سەرەکی و گرنگی لە ئاگربەستی غەززە بینیووە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل هیوادارن لەم کۆبوونەوەیەدا لەسەر کۆتاییهێنانی هەمیشەیی شەڕەکە، ڕێک بکەون."

ڕۆژی 9ـی ئەیلوولی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل نووسینگەی بزووتنەوەی حەماسیان لە دەوحە، پایتەختی قەتەر بۆمباران کرد  و لە ئەنجامدا ژمارەیەک سەرکردەی ئەو بزووتنەوەیە کوژران و بریندار بوون. هێرشە، ناڕەزایی زۆری دەوڵەتانی هەرێمی و جیهانیی لێ کەوتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل