یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر ڕووسیا دەسەپێنن

یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکا، سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنن، ئەمەش دوای ئەوە دێت سەرۆکی ئەمەریکا گفتوگۆکانی لەگەڵ مۆسکۆ لە بارەی جەنگی ئۆکرانیاوە هەڵپەسارد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دوای داخستنی بازاڕ یان سه‌رله‌به‌یانی سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌، سزاکانی سەر ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن.

هاوکات، حكوومه‌تی دانیمارك كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌م خوله‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ده‌كات تاوه‌كوو كۆتایی ئه‌م ساڵ، ڕایگه‌یاندووه‌: لە چوارچێوەی پاکێجی نۆزدەیەمی ڕێوشوێنەکان بە ئامانجی وشککردنی سەرچاوەکانی وزەی ڕووسیا، گەیشتە ڕێککەوتنێک بە مەبەستی پەسەندکردنی سزاکانی سەر مۆسکۆ.

باسی لەوەش کردووە، سزاکان قەدەغەکردنی هاوردەکردنی گازی سروشتی شلکراوە لە ڕووسیاوە تا ساڵی 2027، و خستنە لیستی ڕەشی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی کە مۆسکۆ بە کاریان دەهێنێت، هەروەها سنووردارکردنی گەشتی دیپلۆماتکارە ڕووسییەکان دەگرێتەوە.

یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، سکۆت بێسێنت لە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا ئامادەکاری بۆ زیاترکردنی فشارەکانیان بۆ سەر ڕووسیا دەکەن. باسی لەوەش کردبوو، بۆ جێبەجێکردنیشی پێویستییان بە هاوکاری وڵاتانی ئەورووپایە.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە نەداوە کە بڕیار بوو لە بوداپێست بەڕێوە بچێت و گوتی: "نامەوێت کاتم بەفیڕۆ بدەم، بۆیە دەبێت ببینم چی ڕوودەدات."

دوێنێ فاینانشیاڵ تایمز لە زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی بڵاوی کردبووەوه‌، بەهۆی ئەوەی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌یان كردبوو و قسه‌كانیان به‌رهه‌مدار بوو، پێویست بە کۆبوونەوەی ئەو وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە نییە. گوتیشی: تەنانەت پێویست بە کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیاش نییە، کە ئێستا هیچ پلانێک بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك ئامادە نەکراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment