ئایا دەکرێت رق و کینە جێگای خۆشەویستی بگرێتەوە؟
راپۆرتێکی دەروونسانی لەبارەی گۆڕینی خۆشەویستی بۆ رق و کینە
K24- هەولێر:
بێریت برۆگارد، پسپۆرێ دەروونانسی لە ئەمەریکا راپۆرتێکی نووسیوویە لەبارەی: "کاتێک کینە خۆشەویستی داگیر دەکات".
بێریت کینە بە خووگرتنێکی دەروونی وەسف دەکات کە دەکرێت کەسەکە تووشی تووڕەیی و تەنانەت کاری توندوتیژی بکاتەوە.
ئەمەی خوارەوە راپۆرتی ئەو پسپۆڕەیە لەبارەی گۆڕانی خۆشەویستی بۆ کینە لە نێوان کەسانێک کە پێشتر یەکیان خۆشویستووە
چۆن خۆشەویستی دەگۆڕێت بۆ رق و کینە؟
کاتێک کەسێک لە رووی دەروونییەوە ئازارمان دەدات، دەکرێت رق جێگای خۆشەویستی بگرێتەوە، چەند پەیوەندی ئەو دوو کەسە نزیکتر بێت، رق و کینەکەش زیاتر دەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئێمە پێشبینی زۆرمان بۆ بەرامبەرەکەمان هەیە و دەستمان ناکەوێت.
ئاندریاس دۆرسچێڵی فەیلەسووف دەپرسێت، ئایا دەکرێت رق جێگای خۆشەویستی بگرێتەوە؟
بە گوێرەی توێژینەوەیەک، هەندێک کەس، کاتێک خۆشەویستی بەرامبەرەکەی لەدەست دەدات، کینە و رق تێیدا زاڵ دەبێت، بەجۆرێک دەکەونە تۆڵەکردنەوە و بریندارکردنی زۆری بەرامبەر. لە رووی سایکۆلۆژییەوە، هەرگیز ئەمجۆرە کەسانەی خۆشەویستیان لەدەست نەداوە و هێشتا بێ ئاگایانە کەسی بەرامبەریان خۆش دەوێت، بەڵام کاتێک دەگەیتە بڕوایەک ئەو کەسە ناتوانێت خەونەکانت لەگەڵ سەوز بکات و هیوای بۆ داهاتوو لەگەڵی لەدەست دەدەیت، هەست بە رق و کینە دەکەیت کە زۆرجار ئەمە تەنها هەستێکەوە خانمان بە تایبەتی پشتی پێدەبستن.
دۆرسچێڵ دەڵێت، ئەم جۆرە رق و کینەیە، راستی نین و سەرچاوەکەیان خۆشەویستییە، بەڵام هەندێک کەس هێند درەنگ بە ئاگا دێنەوە، هەموو شتێکیان وێران کردووە، چونکە ئەگەر کەسێک، بە تەواوی خۆشەویستی لەدەستبدات، هەرگیز تووڕەیی و تۆڵەی تێدا دروست نابێت، ئەم دوو حاڵەتە لە رستیدا بەهۆی خۆشەویستییەوەیە نەک رق و کینە.
کاتێک خۆشەویستی دەبێتە هۆی دڵشکاند و ئاڵۆز دەبێت، بە خێرایی کینە دروست دەبێت، ئەمەش لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت.
بێریت برۆگارد لەو بارەوە دەڵێت، ئەو کەسانەی بەهۆی ئەم حاڵەتە جیادەبنەوە و ناتوانن پێکەوە بژین، کەم ئەزموونن، چونکە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی پەیوەندی پتەو لە نێوان دوو کەس، دوورکەوتنەوە و شەڕکردن و ململانێیە، لە رووی سایکۆلۆژی نەبوونی هیچ ململانێ و شەڕێک، بە مانای نەبوونی خۆشەویستی دێت. ئەگەر پرسەکان بنەڕەتیی نەبن و کێشە لە سروشتی هەردوولا نەبێت، ئەوا شەڕی نێوان خۆشەویستیان وەکو تاقیکردنەوە و پۆلی قوتابخانە وایە، چونکە بۆ ئەوەی دوو کەس یەک بناسن، تەنیا پێویستیان بەوە نییە بزانن بەچی دڵخۆش دەبن، دەبێت بشزانن بەچی تووڕە دەبن و چی کاریگەریان لەسەر دروست دەکات.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ماڵپەڕی سایکۆلۆژی تودەی، 85% ئەو کەسانەی لە دوای شەڕی گەورە و دوورکەوتنەوە گەڕاونەوەتە لای یەکتر، پەیوەندییەکی زۆر بەهێزتریان دروستکردووە. هەروەها ئەو ژن و مێردانەی لە دوای جیابوونەوە لە دادگا، جارێکی دیکە چوونەتەوە لای یەک، زۆر پێگەشتوانەتر مامەڵەی یەکتریان کردووە. ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەیە، پەیوەندی دەبێت وەکو منداڵێکی ساوا سەیر بکرێت، پێویستی بە گەرما و سەرما و کەوتن و هەستانەوەی زۆرە تا گەورە دەبێت، دەنا هەرگیز گەورە نابێت.
ئەمجۆرە حاڵەتە دەروونیانە وایکردووە، لە کاتی تێکچوونی پەیوەندی دوو کەس، کاتێک پرسەکە پەیوەندی بە لایەنی دەروونی و نەمانی خۆشەویستییەوە هەیە، راوێژکاری خێزانیی کار بۆ تێگەیشتن لە هەردوولا بکات. زۆرجار حاڵەتێکی دەروونی کە ئەگەری چارەسەری هەیە، دەبێتە هۆی جیابوونەوەی دوو کەس، لێرەش پسپۆڕان بە ئیشی خۆیان هەڵدەستن. ئەمەش وایکردووە، لە ئەمەریکا، ئەگەر ماوەی دادگایی هەردوولا زیاتر بخایەنێت، ئەگەری زیاتر دروست ببێت، بۆ ئاشتبوونەوەی کەسەکان.
پسپۆڕان لەسەر ئەوە کۆکن کە، ئەگەر لە نێوان دوو کەسی پێگەیشتوو خۆشەویستی راستەقینە هەبووبێت، ئەوا جیابوونەوەی ئەو دوو کەسە لەسەر خۆشەویستی مەحاڵە، نەمانی خۆشەویستی لە یەک حاڵەت روودەدات کە کەسەکان لە سەرەتاوە یەکیان خۆشنەویستبێت یاخود تەمەنێکی زۆر پێکەوە بژین.
لەبارەی ئیرەیی
یەکێک لە کارەکتەرەکانی رۆمانی ئایلەند ئالدۆس، کەسێکە بە ناوی دکتۆر رۆبێرت، نەخۆشییەکی دەروونی هەیە بەناوی پیتەر پان سیندرم، کەسەکە سەرەڕای گەورە بوونی تەمەنی، بەڵام رەفتارەکانی منداڵانە و پێنەگەشتوانەیە، سەرەڕای گەورە بوون بە تەمەن، وەکو منداڵێکی خۆپەرست و هەرزەکارێکی نارسیست و گەنجێکی نابەرپرسیار خۆی دەنەوێنێت، هەمیشەش بەو جۆرە رەفتار دەکات کە بۆ خۆی گونجاوە، لێرە هیتلەرمان بیر دەکەوێتەوە کە چۆن کینەی بەرامبەر بە جووەکان، ئەو کارەساتەی لێکەوتەوە.
بۆ خۆشەویستی نێوان دوو کەسیش بە هەمان جۆرە، کاتێک دوو کەس پەیوەندی نێوان تێکدەچێت، ئەگەری زۆرە یەکێکیان بەو جۆرە مامەڵە بکات و کینە و تووڕەیی تەواو بەسەریدا زاڵ بێت.
لە ساڵی 2016، کچێکی تەمەن 20 ساڵ کاتێک کوڕە هاوڕێکەی داوای لێکرد لە یەکتر جیا ببنەوە، کچەکە، کوڕەکەی کوشت، کاتێک لە کچەکەیان پرسی بۆچی ئەو کارەی کردووە، گووتی، نەیتوانیووە نەبوونی ئەو لە ژیانیا قبووڵ بکات. ئەم حاڵەتەش پێی دەگوترێت، دێلوژناڵ جێڵەسی، کە دەبێتە هۆی رقلێبوون و تووڕەیی.
حاڵەتێکی دیکەشمان هەیە ناوی مۆربید جێڵەسییە، کە کەسەکە بەبێ هۆکار و تەنها بە تێگەیشتنی خۆی، بێ گەڕانەوە بۆ بەڵگە و تێگەیشتنی بەرامبەرەکەی، کاری نائاسایی دەکات و هەوڵی ئازاری بەرامبەری دەدات.
جێڵسەیی بە مانای ئیرەیی دێت، رەنگە لای زۆر کەس ئەوە سەیر بێت، کاتێک کەسێک بە پەیوەندی کۆنی خۆشەویستەکەی دەزانێت، تووشی ئیرەیەکی ترسناک دەبێت، کە ئەو ئیرەییە هەندێکجار دەگۆڕێت بۆ تووندووتیژی دەروونی و دواجار تووندووتیژی دیکەشی لێدەکەوێتەوە.
ئەم دۆخەش تاکە دۆخی پەیوەندییە، کە بەبێ بوونی مەترسی، یەکێک لە خۆشەویستەکان هەست بە مەترسی بەردەوام دەکات. ئیرەیی تاکە هۆکاری پەیوەندییشە، کە کەسەکە بەرامبەری خۆشدەوێت و ئازاریشی دەدات. زۆرجار ئەم جۆرە ئیرەییە، لە کەسی بەرامبەر بە هەڵە لێکدەدرێتەوە و دەبێتەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکان. ووتەیەک هەیە دەڵێت، پێش ئەوەی بتەوێت هەر کەسێک بناسی، سەرەتا دەبێت خۆت بناسی. ئەگەر لەناو خۆتدا ئیرەیی و رەق لەیەک جیا نەکەیتەوە، ئەوا دەکرێت هەڵەی گەورە ئەنجام بدەیت، کە سەرچاوەکەی خۆپەرستی زۆرە.
Psychologytoday