دارتووەکەی گوندی کانی گوڵ ته‌مه‌نی زیاتر له‌ 550 ساڵە

ئەمە گوندی 'کانی گوڵ'ـی سەر بە شارۆچکەی جوانڕۆی پارێزگای کرماشانە. لە ناوەڕاستی یەکێک لە کۆڵانەکانی ئەم گوندە و لە  نزیک مزگەوتی گوندەکە دارتوویەکی لێیە کە تەمەنی زیاتر لە 550 ساڵە و خەڵکی گوندەکە ناویان لێ ناوە پیرەدار.

سان ئەحمەد سلێمانی، دانیشتووی گوندی کانی گوڵ، بە کوردستان24ـی گوت: تەمەنی ئەم دارتووە نیشانەی کۆنیی گوندەکەمانە و دەیسەلمێنێت کە زیاتر لە 500 ساڵە ئەم گوندە ئاوەدانە. 
لە ڕاستیدا پێشتر چوار دارتوو بوون، بەداخەوە کاتێک چەند ساڵ لەمەوبەر، مزگەوتەکەیان گەورە کردەوە، سێ دارتوویان لەناوچوون..

پیرەدارەکەی گوندی کانیی گوڵ سەدان ساڵە بەر دەدات و ئێستاش خەڵکی گوند و ئەو گەشتیارانەی بۆ بینینی ئەم دارە دێن ساڵانە لە بەرەکەی دەخۆن. ئەم دارە لە لایەن ڕێکخراوی میراتی کەلەپووریی ئێرانەوە لە ڕیزی شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.

ئیدریس رەزایی، دانیشتووی گوندی کانی گوڵ، گوتی: ساڵی 2022 فێستیڤاڵی 'توو' مان لێرە ساز کرد و توانیمان پاش ساڵێک، دارەکە وەک بە تەمەنترین داری پارێزگای کرماشان لە میراتی سروشتیی نیشتمانیی ئێراندا تۆمار بکەین.

سالانی زوو جۆگەلە ئاوێک بە تەنیشت ئەم دارتووەدا تێدەپەڕی و دارەکەی تێراو دەکرد. بەڵام چەند ساڵێکە بە هۆی کەم بارانییەوە جۆگەکە وشک بووە و هەر بۆیە خەڵکی گوندەکە خۆیان بە بەردەوامی دارەکە ئاودەدەن و لە وشکبوون دەیپارێزن.

عەلی ئەمینی، دانیشتووی گوندی کانی گوڵ، لەم بارەوە دەڵێت: ئێمە هەمیشە چاودێریی دارەکەمان کردووە و نەمانهێڵاوە تینوو ببێت. هەموو کەسێک، خواردنی بەری ئەم دارەش لە هیچ کەس قەدەغە نەکراوە، ئیتر چ خەڵکی گوندەکە بێت یان میوان و گەشتیار. 

لە پارێزگای کرماشان 14 داری بە تەمەن لە ڕیزی میراتی سروشتیی نیشتمانیی ئێراندا تۆمار کراون. بەڵام پیرەدارەکەی گوندی کانی گوڵ، لە هەمووان بە تەمەنترە و وەک کۆنترین داری پارێزگاکە ناسراوە و پێدەچێت کۆنترین داری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بێت. 

 
Fly Erbil Advertisment