پوتن: بە مووشەکی تۆماهۆک هێرشمان بکرێتە سەر، وەڵامێکی دەمکوتکارمان دەبێت

سەرۆکی ڕووسیا هۆشداریی دەدات و دەڵێت: ئەگەر بە مووشەکی تۆماهۆک هێرش بکرێتە سەر خاکەکەمان، وەڵامێکی زۆر جیددی و دەمکوتکارمان دەبێت.
پێجشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئەگەر مووشەکی تۆماهۆک بۆ بە ئامانجگرتنی خاکی ڕووسیا بەکار بهێنرێت، وەڵامێکی زۆر بەهێزمان دەبێت، بە دڵناییەوە جیددی و دەمکوتکارانە دەبێت.
سەرۆکی ڕووسیا، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، پێدانی مووشەکی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا هەوڵێکی نوێیە به ئاراستهی زیادکردنی پەرەسەندن و گرژییەکان.
هاوکات لە بارەی سزا نوێیەکانی ئەمەریکا بەسەر ڕووسیا، پوتن دەڵێت: سزاکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئابووری ڕووسیادا نابێت، بەڵام ڕێگر دەبێت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن.
سەرۆکی ڕووسیا دەشڵێت: هەر دابەزینێکی بەرچاوی قەبارەی نەوتی ڕووسیا لە بازاڕدا، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخ، هەروەها بەشداریی ڕووسیا لە هاوسەنگی وزەی جیهانیدا هێشتا گرنگییەکی ئەوتۆی هەیە.
سەرۆکی ڕووسیا لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لە دیدارەکەی لەگەڵ ترەمپ کرد و ئاماژەی بەوە دا، ڕووسیا هەمیشە ئارهزووی لە درێژەدان بە دیالۆگ ههبووە، بەڵام ئەوە ترەمپە کە دەیەوێت دیدارەکەی بوداپێست نەکرێت و دوابخرێت.
سزا نوێیەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا بەسەر ڕووسیا
چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا پاکێجێکی نوێی سزایان بەسەر ڕووسیادا سەپاند.
سزاکانی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا ئەمانە دەگرێتەوە؛ سزاکان قەدەغەکردنی هاوردەکردنی گازی سروشتی شلکراوە لە ڕووسیاوە تا ساڵی 2027، و خستنە لیستی ڕەشی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی کە مۆسکۆ بە کاریان دەهێنێت، هەروەها سنووردارکردنی گەشتی دیپلۆماتکارە ڕووسییەکان دەگرێتەوە.
دیداری ترەمپ و پوتن لە بوداپێست
پێنجشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیبووی: لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو، لەگەڵ پوتن لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا دیداری دەبێت، ئەو لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە بە تەلەفۆن لەگەڵ پوتن قسەی کرد.
چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکە بڵاوی کردبووەوە، کۆشکی سپی ئامادەکارییەکانی بۆ دووەم دیداری لوتکەی نێوان ترەمپ و پوتن ڕاگرتووە.
هەر ئەمڕۆ ترەمپ ڕایگەیاندبوو، دیدارەکەی لەگەڵ پوتن لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا هەڵوەشاندووەتەوە.