یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەنێو 56 ململانێی جیهانی دەکرێتەوە
ئەمڕۆ هەینی، 24ی تشرینی یەکەمی 2025، نەتەوە یەکگرتووەکان یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی خۆی دەکاتەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەو ڕێکخراوە، لە کۆی 163 وڵاتدا، عێراق لە ڕێزبەندی 137ـی وڵاتان دێت لە ڕووی بەرقەراربوونی ئاشتی و ئاسایشەوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم بە مەبەستی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی گەلان لە ساڵی 1945 دامەزرا.
سەرەتای بیرۆکەی ڕێکخراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی ئەتڵەسی نێوان فرانکلین دی ڕۆزڤێڵت، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا و وینستن چێرچلی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا.
لە 25-26 ی حوزەیرانی 1945، کۆنفرانسی دامەزراندنی ڕێکخراوەکە، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی 50 وڵات لە سان فرانسیسکۆی ئەمەریکا بەڕێوەچوو، دواتر لە 24ی تشرینی یەکەمی 1945 بە فەرمی ڕێکخراوەکە دەستی بەکار کرد.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ماڵپەڕی "ڤیژن ئۆف هیومانتی" بڵاوکراوەتەوە، جیهان ئیستا گیرۆدەی 56 ململانێ و ناکۆکی نێوان دەوڵەتانە کە بە بەرزترین ڕێژەی ناکۆکی دێت لەدوای کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئێستا.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە 9 وڵاتی جیهان لەو ململانێ و ناکۆکیانەدا تێوەگلاون.
بەپێی پێوەرەکانی ئاشتی جیهانی ساڵی 2025، لە کۆی 163 وڵاتدا عێراق لە ڕێزبەندی 137ی وڵاتان دێت لە ڕووی بەرقەراربوونی ئاشتی و ئاسایشەوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای دامەزراندنیدا 51 وڵاتی لەخۆ گرتبوو، بەڵام ئێستا 193 وڵات لەخۆ دەگرێت، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەماوە، بەڵام وڵاتان تا ئێستاش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان پەنا بۆ ئەم ڕێکخراوە دەبەن و بە گەورەترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دادەندرێت.
ئەمڕۆ جیهان گیرۆدەی چەندین جەنگ و ململانێی نێوان وڵاتانە، سەرەڕای هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاکو ئێستا ئەو ناکۆکیانە هەر بەردەوامن لە نێواندا ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، ڕووسیا و ئۆکرانیا، پاکستان و ئەفغانستان، ئێران و ئیسرائیل، هیندستان و پاکستان و شەڕی ناوخۆی سودان.
لە ساڵی 2023دا، ململانێ جیھانییەکان بوونەتە ھۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی 162 هەزار کەس، کە ئەمە دووەم بەرزترین ژمارەی کوژراوانە لە سێ دەیەی ڕابردوودا، قوربانییانی شەڕی غەززە و ئیسرائیل و جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا 75%ی ڕێژەی قوربانییان پێکدەهێنن، بە جۆرێک کە تا مانگی نیسانی 2024، ئۆکرانیا 83 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، لە فەڵەستین نزیکەی 33 هەزار کەس گیان لەدەستدا، لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2024 دا، نزیکەی 47 هەزار کەس لە ئەنجامی ململانێ جیھانییەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
