لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەگەڵ ئیمامئۆغلۆ دەکرێت
ئەمڕۆ هەینی 24ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی "ئەنادۆڵ" ڕایگەیاند: دۆسیەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ کراوەتەوە کە لە مانگی ئادارەوە بە تۆمەتی گەندەڵی زیندانیکراوە و ئەویش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.
بەپێی داواکاری گشتی ئیستەنبوڵ، لێکۆڵینەوەکە هەریەکە لە نەجات ئۆزکان، بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئیمامئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکانی 2019 و 2024، هەروەها مەردان یانار داغ، سەرنووسەری کەناڵی ئۆپۆزسیۆنی "تێلی 1"یش دەگرێتەوە.
دەستپێکردنی ئەم لێکۆڵینەوە نوێیە لەگەڵ ئیمامئۆغڵو، کە دیارترین ڕکابەری ئەگەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیایە، لە کاتێکدایە کە دادگایەکی ئەنقەرە ڕۆژی هەینی سکاڵایەکی گەندەڵیی لەسەر پارتی گەلی کۆماری، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا کە ئیمامئۆغڵو سەر بەو پارتەیە، ڕەت کردەوە بەهۆی "نەبوونی بنەمای یاسایی".
کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تەممووز، کاتێک بازرگانێکی تورکی بە تۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ وڵاتانی بیانی دەستگیر کرا.
بەپێی داواکاری گشتی، بازرگانەکە و ئۆزکان لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2019دا، زانیاری هەڵبژاردنی نهێنییان لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی بیانی ئاڵوگۆڕ کردووە.
