ئاوەدانی لە زاخۆ و کەمتەرخەمی لە نەجەف؛ دوو وێنەی جیاوازی کەرتی گەشتیاری
لە کاتێکدا کەرتی گەشتیاری لە سەرتاسەری جیهاندا وەک بزوێنەرێکی سەرەکی ئابووری سەیر دەکرێت، عێراق و هەرێمی کوردستان دوو وێنەی تەواو جیاواز نمایش دەکەن.
لە لایەک شاری نەجەف، وەک یەکێک لە پیرۆزترین شوێنە ئایینییەکان، لەژێر باری کەمتەرخەمی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا دەناڵێنێت، لە لایەکی دیکەشەوە شاری زاخۆ لە سایەی گرنگیپێدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بووەتە نموونەیەکی دیاری بوژانەوەی گەشتیاری و ئاوەدانی.
نەجەف؛ گلەیی گەشتیاران لە پایتەختی ئایینی
شاری نەجەف، ساڵانە ملیۆنان گەشتیاری ئایینی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقەوە ڕووی تێدەکات، خاوەنی زیاتر لە 974 شوێنی ئایینییە، بەڵام ئەم دەرفەتە گەورەیە نەیتوانیوە ببێتە هۆی گەشەسەندنێکی بەرچاوی کەرتی گەشتیاری. گەشتیاران و زیارەتکاران بەردەوام ڕەخنە لە کوالێتی نزمی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی ژێرخانێکی گونجاو دەکەن.
ساجیدە عەلی، یەکێک لە گەشتیارە ئایینییەکان، لە پارێزگای عەمارەوە سەردانی نەجەفی کردووە و دەڵێت: "شوێنی ئیمام عەلی و شاری نەجەف بە گشتی، جێگەیەکی گەشتوگوزاریی ئایینییە. پێویستە پێش بکەوێت و پەرەی پێبدرێت لە ڕووی هۆتێلی باش و چێشتخانەی کوالێتی بەرزەوە، چونکە ئەم شوێنە پێویستی بە شتی باشترە."
هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی داخڵ حەسەن، ئاماژە بە لایەنی ئابووریی کێشەکە دەکات و دەڵێت: "پێویستە هۆتێلی زیاتر لێرە دروست بکرێن. ئەمە دەبێتە هۆی خزمەتکردنی زیاتری گەشتیاران و لە هەمان کاتدا دەرفەتی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و بوژانەوەی ئابووری و گەشتیاری لێ دەکەوێتەوە."
شارەزایەکی ئابووری بە ناوی کەریم عەباس، ڕەخنەی توند لە شێوازی بەڕێوەبردنی کەرتەکە دەگرێت و دەڵێت: "لەنەجەف ملیۆنان دۆلار بۆ دروستکردنی هۆتێل خەرج کراوە، بەڵام ژێرخانێکی ڕاستەقینە بوونی نییە. سەیری فڕۆکەخانەی نەجەف بکە و کەشوهەوای گەشتیاری نابینیت. کۆمەڵگەیەکی شارستانی نییە پاڵپشتی ئەم ژێرخانە بکات."
زاخۆ؛ بوژانەوەی گەشتیاری لە سایەی کابینەی نۆیەمدا
بەڵام لە وێنەیەکی تەواو پێچەوانەدا، شاری زاخۆ لە هەرێمی کوردستان بووەتە چیرۆکێکی سەرکەوتن. کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی ستراتیژی بە کەرتی گەشتیاری داوە و پڕۆژە گەورەکانی وەک کۆڕنیشی زاخۆ، سیمای شارەکەیان بە تەواوی گۆڕیوە. ئەم پڕۆژەیە وایکردووە تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار سەردانی ئەو شارە بکەن.
قۆناغی دووەمی پڕۆژەکەش، بە درێژیی 3 کیلۆمەتر و زیاتر لە 50%ی سەوزایی، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی گەشتیاران زیاتر بکات.
لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، 28 پڕۆژەی گەشتیاری بە سەرمایەی 139 ملیۆن دۆلار لە زاخۆ جێبەجێ کراون، ئەمەش دەکاتە 39%ی کۆی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەو شارە. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی دروستبوونی سەدان هەلی کار و بوژانەوەی بازاڕ.
محەممەد عەلوش، گەشتیارێکە و بۆ یەکەمجار سەردانی زاخۆی کردووە، باس لە ئەزموونی خۆی دەکات: "ئەمە یەکەم جارمە دێمە زاخۆ، ڕاستییەکەی کەشوهەوایەکی زۆر خۆشی هەیە و شارەکە زۆر پاکە. چێشتخانەکان پێشکەوتوون. ئێمە وەک خێزان زۆر دڵخۆشین لێرە."
سەباح جەمالی، گەشتیارێکی دیکەیە و بەراوردی زاخۆ و شارەکانی دیکەی عێراق دەکات: "ڕاستییەکەی، شاری زاخۆ لە لووتکەی جوانی و گەشتیاریدایە. پاک و خاوێنی و مامەڵەی باشی خەڵکەکەی، هیچ بەراوردکارییەک هەڵناگرێت لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق."
هەروەها، مستەفا عەبسم، خاوەن پڕۆژەیەکی گەشتیاری، ئاماژە بە خواست و پێویستییەکانی داهاتوو دەکات: "جێگەی گەشتیاری زۆر جوانی هەیە، بەڵام پێویستمان بە شوێنی زیاترە، چونکە گەشتیاری زۆر لە عێراق و دەرەوە ڕووی تێدەکەن. هیوادارین لە داهاتوودا زاخۆ پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت."
ئەم دوو نموونە جیاوازە بەڕوونی گرنگیی دیدگا و پلانی تۆکمەی حکوومەت دەردەخەن بۆ گۆڕینی هەلەکان بۆ دەرفەتی ڕاستەقینەی ئابووری و خزمەتگوزاری، کە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووی لەم بوارەدا پێشکەش کردووە.
