یەکێتیی زانایانی ئیسلامی: کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان حەرامە

کارتی بایۆمەتری
کارتی بایۆمەتری

ئەمڕۆ شەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2025، دکتۆر عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایدەگەیەنێت کە بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانییە، بە مەرجێک پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئازاد و مەدەنی بەڕێوەبچێت و ئامانج لێی دەستنیشانکردنی کەسی شیاو بێت بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان.

گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، هەڵبژاردن "ئەمانەتە" و پێویستە ڕەچاوی پێوەرە یاسایی و شەرعییەکان بکرێت. و دەڵێت: "دەنگدان واتە دیاریکردنی کەسێک کە شایستەی وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیارێتی بێت و جێگەی ئومێدی داهاتووی گەل و نیشتمان بێت." بۆیە، هەڵبژاردنی کەسێکی لێهاتوو، ئەمین و پسپۆڕ، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لەسەرشانی هەموو تاکێک.

دەربارەی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان ئایا "حەرامە" یاخود حەڵاڵ، شێرکاوەیی هۆشداریی دا و گوتی: "ئەگەر پرۆسەکە لە ڕێڕەوی ئاسایی خۆی لابدرێت و ببێتە هۆی گەندەڵی، وەک کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان، ئەوا ئەو کارە "حەرامە" و ڕێگەپێدراو نییە. چونکە لێکەوتەی خراپی دەبێت، وەک:

شێواندنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
هاتنەپێشەوەی کەسی ناشایستە.
بڵاوبوونەوەی گەندەڵی سیاسی و ساختەکاری.
خیانەتکردن لەو ئەمانەتەی پێیان سپێردراوە.

دکتۆر عەبدوڵڵا شێرکاوەیی جەخت دەکاتەوە، هەر جۆرە مامەڵەیەک بە دەنگی هاوڵاتییانەوە، وەک کڕینی کارتی دەنگدان بە مەبەستی بەکارهێنانی بۆ کەسێکی دیاریکراو، کارێکی نایاسایی و ناشەرعییە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment