هاککەرانی ئێرانی چەندین زانیاریی نهێنیان لەسەر پیشەسازی سەربازیی ئیسرائیل بڵاوکردەوە
ئەمرۆ شەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، گرووپێکی هاککەری ئێرانی کۆمپانیایەکیان ئاشکرا کرد کە گوایە کۆمپانیایەکی گشتییە بەڵام لە ڕاستیدا کۆمپانیایەکی نهێنی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بنڵاویکردەوە، گرووپێکی هاککەر بەناوی 'بەرەی پشتیوانی ئەلیکترۆنی' ڕایانگەیاندووە، توانیویانە هێرشێکی ئەلیکترۆنی بکەنە سەر کۆمپانیای 'مایا' کە کۆمپانیایەکی تایبەتە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو کۆمپانیایە پەیوەندی بە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلەوە هەیە، ئاماژەی بەوەشکردووە، زانیاری هەستیار و بەنرخی پەیوەست بە دیزاین و جێبەجێکردنی پڕۆژە سەربازییە پێشکەوتووەکانییان بەدەستهێناوە.
گرووپە هاککەرەکە ئەوەشیان ئاشکرا کرد، ئەم پڕۆژانە بریتین لە، 'سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەیزەری ئایرۆن بیم، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی فرە ڕۆڵی هێرمێس 900 و مووشەکی سپایک' ئەمە جگە لە ئامێرە سەربازییەکانی دیکە کە لە قۆناغی پەرەپێدان یان مۆدێرنکردندان لە کۆمپانیاکەدا.
کۆمپانیای مایا، بەرپرسیارە لە توێژینەوە و پەرەپێدان بە پیشەسازییە سەربازییە گەورەکانی وەک سیستەمی ئێلبیت و ڕافایل و پیشەسازی تەکنیکی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل.
ئەو گرووپە هاککەرە لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا، گرتەیەکی سێ خولەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێراکانی چاودێری لە ناو ئەو کۆمپانیایە گیراون و قۆناغەکانی دروستکردنی کەرەستەی سەربازی بۆ ئەو ئیسرائیل ئاشکرا دەکات.
گروپەکە ڕوونیشیکردەوە، بەم نزیکانە وێنە و بەڵگەنامەی گرنگتر بڵاودەکەنەوە کە لە ناو کۆمپانیاکە دەستیان کەوتووە.
