وەزیری بەرگریی پاکستان هۆشداریی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئەفغانستان ده‌دا

 خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان شاندی هه‌ردوو حكوومه‌تی پاكستان و ئه‌فغانستان لە ئیستانبوڵ دەستی پێکردووە، بەڵام وەزیری بەرگریی پاکستان، هۆشداری دا لەوەی ئەگەر گفتوگۆکان لەبارەی ئاشتییەوە شکست بهێنن، جەنگێکی ئاشکرا له‌ نێوانیان هه‌ڵده‌گیرسێت.

شه‌ممه‌، 25ـی تشرینی یه‌كه‌می 2025، خواجە محه‌ممه‌د ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان ڕایگەیاند، لەو باوەڕەدام تاڵیبان ئاشتیی دەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا، نەگەیشتن بە ئەنجام لە دانوستانەکانی ئیستانبوڵ بە مانای جەنگی ئاشکرا، دەبێت.

میدیاكانی ئه‌فغانستان ئه‌مڕۆ بڵاویان كرده‌وه‌، شاندی تاڵیبان بە سه‌رۆكایه‌تیی ڕەحمەتوڵڵا نەجیب و بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی حکوومەتی تاڵیبان لەم بەشدارییان لە دانوستانەکانی ئیستانبوڵ کردووە.

سەرچاوە ئاگادارەکان له‌م باره‌وه‌ گوتوویانه‌، تەوەری گفتوگۆکانی ئیستانبوڵ پێداگرییە لەسەر چەند بابەتێکی گرنگی وەک: ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی ئەفغانستان دژی پاکستان، ئاڵوگۆڕی زانیاریی له‌ بارەی چالاکییەکانی چەکدارە نایاساییەکان، درێژکردنەوەی ئاگربەست، ڕێزگرتنی هەردوولا لە تەواوی سنووری زەمینی و ئاسمانی یەکتر و پرسه‌ سنوورییەکان .

 هەر چەندە حکوومەتی پاکستان و تاڵیبان لە 18ـی ئه‌م مانگه‌ و دوای یەک هەفتەی شەڕی خوێناوی لە سنوورە هاوبەشەکانیان کە دەیان کوژراو و سەدان برینداری لێکەوتەوە، لە دانوستانێکی ئاشتییانەدا کە  بە نێوەندگیری قەتەر و تورکیا لە دەوحە بەڕێوە چوو، لەسەر ئاگربەستێکی خێرا ڕێککەوتن، بەڵام هەردوولا یەکدی بە پێشیلکردنی ئاگربەست و هێرش بۆ سەر خاکی یەکدی تاوانبار دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (یونامی)، لە کاتی دەستپێکردنی گرژییەکان لە 15ـی ڕۆژی ڕابردوودا، لانی کەم 18 کەس کوژراون و زیاتر لە 360 کەسی دیكه‌ش بریندار بوون.

پاكستان بێدەنگی تاڵیبان لە بەرانبەر هێرشی چەکدارانی نایاسایی لە ئەفغانستانەوە بۆ سەر پاکستان بە هۆکاری ناکۆکییەکان دەزانێت، بەڵام تاڵیبان ئەم تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: پاکستان بە بڵاوکرنەوەی زانیاریی ناڕاست و لە خۆگرتنی چەکدارانی سەر بە داعش، هەوڵ دەدات سەقامگیریی ئەفغانستان بشێوێنێت.

شرۆڤه‌كاران و چاودێرانی سیاسی دەڵێن: ئەنجامدانی ئەم دانوستانانە لە تورکیا، نیشانەی ویستی هەردوولایە بۆ هێنانی ناوبژیوانی نوێ بۆ ناو پرۆسەی گفتوگۆکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەیوەندییەکانیان لەسەر بوونی گرووپە چەکدارەکان لە سنوورەکانی هەردوو وڵات بە تەواوی ئاڵۆز بووە.

 
Fly Erbil Advertisment